PEZKUWICHAINDIJITAL KURDISTAN NEWS 15 HEZÎRAN 2026 · DUŞEM
سەرەکی ئابووری
ئابووری

ناوەندی توێژینەوەی رووداو: پلانی بەرهەمهێنانی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت، یەدەگی نەوتی عێراق لە ساڵی ٢٠٤٥دا تەواو دەکات
بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوەی رووداو، ئامانجی حکومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی رۆژانەی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت، مەترسیی ئەوەی لێدەکەوێتەوە یەدەگی نەوتی وڵاتەکە تا ساڵی ٢٠٤٥ کۆتایی بێت.

ناوەندی توێژینەوەی رووداو: پلانی بەرهەمهێنانی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت، یەدەگی نەوتی عێراق لە ساڵی ٢٠٤٥دا تەواو دەکات

بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوەی رووداو، ئامانجی حکومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی رۆژانەی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت، مەترسیی ئەوەی لێدەکەوێتەوە یەدەگی نەوتی وڵاتەکە تا ساڵی ٢٠٤٥ کۆتایی بێت.

ناوەندی توێژینەوەی رووداو ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتی عێراق پلانی هەیە بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بۆ ١٠ ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە و ئەم ستراتیژییەش گەورەترین سەرچاوەی داهاتی وڵاتەکە دەخاتە مەترسییەوە. لە راپۆرتەکەدا هۆشداری دراوە کە لەگەڵ زیادبوونی خێرای ژمارەی دانیشتووان و خەرجییەکانی دەوڵەت، ئەم ئاستەی بەرهەمهێنان تەمەنی یەدەگی نەوت کورت دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی تا ساڵی ٢٠٤٥ سەرچاوەکان تەواو ببن.

عەلی فالح زێدی، سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک هۆزەکان لە رۆژی ٥ی ئەم مانگەدا، دووپاتی کردەوە کە ئامانجیانە تا ساڵی ٢٠٣١ توانای بەرهەمهێنانی رۆژانە بۆ ١٠ ملیۆن بەرمیل بەرز بکەنەوە. مەحموود بابان، توێژەر لە ناوەندی توێژینەوەکە جەختی لەوە کردەوە کە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق دوو هێندە بووە، بەڵام حکومەت دەیەوێت لە چوار ساڵی داهاتوودا ئەم بڕە جارێکی دیکە دوو هێندە بکاتەوە و ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە.

بەپێی شیکاریی سیناریۆکانی ناوەندی توێژینەوەی رووداو، لە ٢٠ ساڵی داهاتوودا ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٢٠ بۆ ٣٠ ملیۆن کەس زیاد دەکات و دەگاتە نێوان ٦٣.٨ بۆ ٧٠.٧ ملیۆن کەس. ئەم گەشە دیموگرافییە پێویستی بە دامەزراندنی ٢ بۆ ٥ ملیۆن کەسی نوێ لە کەرتی گشتیدا دروست دەکات. لە هەمان ماوەدا، زیادبوونی خەرجییە گشتییەکان بۆ ١٢ هێندە و بە رێژەی ١٨٠٠٪، نیشان دەدات کە بارگرانی بودجەی ئێستا تەنانەت بە زیادکردنی بەرهەمهێنانیش پڕ ناکرێتەوە.

سەرچاوە: Rûdaw

هەواڵی پەیوەندیدار