
یەکێتی بڕیاری کشانەوەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دا
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاری کشانەوەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی دا.
پەیامنێری ڕووداو لە سلێمانی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتایی هاتووە و بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی باڵا کە بەشداری کۆبوونەوەکە بووە، یەکێتی بڕیاری کشانەوەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی داوە.
تا ئێستا یەکێتی هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەمشەو بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، لە پەیامێکدا هەڵوێستی کۆتایی حزبەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات.
ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری ژمارەیەک فراکسیۆن و پەرلەمانتاری سەربەخۆ کۆبووەوە و جارێکی دیکە چالاک کرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتییەکی نوێ هەڵبژێردرا. ژمارەیەک لە کونسوڵ و نوێنەرانی دیپلۆماتی وڵاتان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی نوێ کۆبوونەوە و پیرۆزبایی چالاککردنەوەی پەرلەمانیان کرد. سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە دژی هیچ کەس و لایەنێک نییە و داوای لە سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد بگەڕێنەوە پەرلەمان و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی نەکرد. ئەنجومەنی سەرکردایەتیش دوای چالاککردنەوەی پەرلەمان بە بەرنامەیەکی تایبەت کۆبووەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەسەر کۆبوونەوەکە بڵاونەکراوەتەوە.
سەرچاوە: Rûdaw