
یەکێتیی ئەورووپا لە ئێستاوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ڕووسیا بە ڕەوا ناناسێت
یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە بەردەوامەکانی ڕووسیا بە ڕەوا و یاسایی قبوڵ ناکات.
لە کاتێکدا دووەم ڕۆژی هەڵبژاردنەکان لە ڕووسیا بەردەوامە، لە نێوان ١٨ بۆ ٢٠ی ئەیلوولدا هاووڵاتییان دەچنە سەر صندوقەکانی دەنگدان. ٤٥٠ ئەندامی دوومای فیدراڵی، ئەندامانی پەرلەمانی ٣٩ هەرێم و پارێزگارەکانی ١١ هەرێم هەڵدەبژێردرێن. لە کۆی گشتیدا ١١ پارتی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی ٢٠,٧٠٠ کورسی کێبڕکێ دەکەن.
پرۆسەی دەنگدان لەلایەن نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت. دانیل پلیتۆڤ، چاودێری مەدەنی ڕایگەیاند کە ئەوان لە دوو دەوامدا کار دەکەن و لە هەر دەوامێکدا ٣٤ چاودێری ڤیدیۆیی لەسەر کارن. چاودێران لەسەر گونجانی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ یاسادا دەکۆڵنەوە، کاتێک پێشێلکاری دەستنیشان دەکەن ڕاپۆرتی دەکەن بۆ پارێزەران و پارێزەرانیش ئەم زانیارییانە دەنێرن بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکان.
یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند کە بڕیاری داوە لە ئێستاوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ڕووسیا بە "ڕەوا" نەناسێت. دمیتری نازارۆڤ، کاندیدی پارتی ڕووسیای یەکگرتوو بۆ دووما، ڕەخنەی لە هەڵوێستەکەی یەکێتیی ئەورووپا گرت و وتی ڕاگەیەندراوی لەم جۆرەی ڕێکخراوە بیانییەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی بێبڕوایی لە نێوان دەنگدەرانی ڕووسیادا.
سەرچاوە: Rûdaw