
ڕووسیا و ئەفغانستان ڕێککەوتنیان لەسەر دابینکردنی دانەوێڵە، دەرمان و کەرەستەی وزە ئیمزا کرد
جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ئەلێکسی ئۆڤەرچوک، دوای کۆڕبەندی بازرگانی لە کابل ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی بازرگانیی فراوان لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزا کراوە.
ڕووسیا و ئەفغانستان زنجیرەیەک ڕێککەوتنی بازرگانییان ئیمزا کرد کە ڕەوانەکردنی دانەوێڵە، ئارد، دەرمان و کەرەستەی وزە دەگرێتەوە.
جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ئەلێکسی ئۆڤەرچوک، دوای کۆڕبەندی بازرگانیی ڕووسیا-ئەفغانستان لە کابل لێدوانی بۆ ڕۆژنامەنووسان دا و ڕایگەیاند کە پاکێجی گردبەستەکان دابینکردنی دەرمان، پێداویستیی پزیشکی، دانەوێڵە، ئارد و کەرەستەی وزە لەخۆدەگرێت.
ئۆڤەرچوک ئاماژەی بەوەش کرد کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکاندا، ئەفغانستان هەنار، میوەی فرێش و میوەی وشکراوە هەناردەی ڕووسیا دەکات، و گفتوگۆ لەسەر هاوکاری لە بواری نۆژەنکردنەوەی کەرتی وزە و پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە کراوە، هەروەها بایەخێکی زۆر هەیە بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ڕووسییەکان لە بواری تەندروستیدا.
سەرچاوە: Kurdistan24