
ڕووسیا داوای لە ژاپۆن کرد سیستەمی مووشەکی تایفۆنی ئەمریکی لاببات
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا یاداشتێکی ناڕەزایەتی سەبارەت بە جێگیرکردنی سیستەمی مووشەکی تایفۆنی ئەمریکی لە دوورگەی کیوشوی ژاپۆن نارد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ماریا زاخارۆڤا، ئاماژەی بەوەدا کە سیستەمی مووشەکی "تایفۆن"ی سەر بە ئەمریکا لە خاکی ژاپۆن و بەتایبەت لە دوورگەی کیوشو جێگیر کراوە و داوای کرد ئەو سیستەمانە لاببرێن.
زاخارۆڤا ڕایگەیاند کە لە ۳ی ئەیلوولدا یاداشتێکی ناڕەزایەتی دراوەتە باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە موسکۆ و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم سیستەمانە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا و ناوچەکە دروست دەکەن، و بۆ هەر ماوەیەک بێت قبووڵکراو نین.
وتەبێژەکە جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ژاپۆن کۆتایی به ئهم جۆره کردەوانە بهێنێت، ئەو سیستەمە مووشەکییانە لە خاکەکەی دەربکات، ئەنجامەکانی جەنگی جیهانی دووەم بە دوورگەکانی کوریلی باشووریشەوە قبووڵ بکات و دەست لە سیاسەتی چەکداربوونەوە هەڵبگرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە چین-یش یاداشتێکی هاوشێوەی بۆ ژاپۆن ناردووە.
سەرچاوە: Rûdaw