
هێزە چەکدارەکانی عێراق لە چەند مانگی داهاتوودا سیستەمی نوێی بەرگریی ئاسمانی وەردەگرن
وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەباح نوعمان، ڕایگەیاند کە سیستەمە نوێیەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ماوەی چەند مانگێکدا دەگەنە عێراق.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو سیستەمە نوێیانەی بەرگریی ئاسمانی کە ئاسمانی وڵات دەپارێزن، لە چەند مانگی داهاتوودا وەردەگیرێن. نوعمان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سیستەمانە قەڵغانێکی بەهێز بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لە سەرانسەری عێراق، لەوانەش هەرێمی کوردستان، پێکدەهێنن.
نوعمان جەختی لەوە کردەوە کە وەڵامی هێرشە دەرەکییەکان بە ڕێگەی دیپلۆماسی دەدەنەوە، بەرامبەر بەو لایەنانەش کە دەیانەوێت سەقامگیری ناوخۆ تێک بدەن، بە ڕێکاری یاسایی ڕووبەڕوویان دەبنەوە. هەروەها هێزی پێشمەرگەی بە بەشێکی سەرەکی لە پێکهاتەی ئاسایش و بەرگری عێراق ناوبرد و پیرۆزبایی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی کرد.
نوعمان ئەوەشی خستە ڕوو کە هەماهەنگی بەهێز و ئاڵوگۆڕی بەردەوامی زانیاری هەواڵگری لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە گرنگییەکی زۆری هەیە و سیستەمە نوێیەکانی بەرگریی ئاسمانیش پشتگیری لەم هاوکارییە دەکەن.
سەرچاوە: Kurdistan24