
کاتی زاخاریا، وتەبێژی کۆشکی سپیی ترەمپ تەنها ۵ ڕۆژ لە پۆستەکەیدا مایەوە
کاتی زاخاریا، دوای پێنج ڕۆژ لە دەستبەکاربوونی لە ئیدارەی ترەمپ، دەستبەرداری پۆستەکەی بوو.
کاتی زاخاریا، وتەبێژی کۆشکی سپی کە ترەمپ لە ۱۲ی تشرینی یەکەمدا لە شوێنی کارۆلین لیڤیت دەستنیشانی کردبوو، تەنها پێنج ڕۆژ دوای دەستبەکاربوونی دەستی لەکار کێشایەوە. زاخاریا لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و ترەمپی بە "میهرەبان، ناوازە، بەڕێز و دڵسۆز" وەستف کرد.
دوای ڕۆشتنی، خرانەڕووی ئەوەی کە زاخاریا ئیدیعای پارێزەریی کردووە بەڵام لە تاقیکردنەوەی سەندیکای پارێزەران لە ئەمریکا دەرنەچووە، بووە هۆی دروستبوونی دەنگۆ. هەروەها کاتێک ڕۆژنامەنووسێک لێی پرسیبوو لە کۆدەم ویلایەت تاقیکردنەوەکەی تێپەڕاندووە، لە وەڵامدا وتبووی "کاتێک چووم بۆ چین"، بەڵام دواتر ڕوونی کردەوە کە لە پرسیارەکە هەڵە تێگەیشتبوو.
زاخاریا لە زانکۆی پێپەرداین خوێندنی یاسای تەواو کردووە، دوای دەرچوونی لەگەڵ تایلەر زاخاریای هاوسەری چوو بوو بۆ چین و لە تیمی یاسای نێودەوڵەتیی کۆمپانیای یاسایی ژۆنگ لون لە پەکین کاری کردبوو. هەروەها وەک شرۆڤەکار لە کەناڵی نیوزماکس کاری کردبوو.
بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاماژەیان بەوە دا کە پشکنین و هەڵسەنگاندنی پێویست بۆ زاخاریا بۆ وەرگرتنی پۆستی وتەبێژی نەکراوە، و پشتگیرییە بەهێزەکانی لە سیاستەکانی کۆمارییەکان کاریگەریی سەرەکیی هەبووە لە دەستنیشانکردنیدا. بەپێی شیکارییەکی سی ئێن ئێن، ڕاوێژکارێک دوای سەیرکردنی یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ئەو، پرسیبووی: "ئایا پێشتر هیچ پشکنینێکتان بۆ ئەم کەسە کردووە؟"
سەرچاوە: Kurdistan24