
بارانی بەخوڕ هاتوچۆی لە ئامەد پەکخست و چەندین گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنرانەوە
بارانی بەهێز هاتوچۆی زەمینی و ئاسمانی لە ئامەد ئاستەنگ کرد و ڕێبوارانی تووشی چاوەڕوانییەکی درێژخایەن کرد.
بارانی بەخوڕ کە دوێنێ لە ئامەد دەستی پێکرد و بە ناوبڕەوە بەردەوام بوو، جگە لە هاتوچۆی زەمینی، کاریگەریی خراپیشی سەر هاتوچۆی ئاسمانی کرد. بارانە بەهێزەکە ژیانی ڕۆژانەی لە سەرانسەری شارەکەدا سەخت کرد.
لە شارۆچکەی پاسور (کولپ) داڕمانی پردێک و داخرانی ڕێگەی سەرەکیی پاسور بۆ موش، هاتوچۆی زەمینی لە ناوچەکەدا سەختتر کرد. هاوکات چەندین گەشتی ئاسمانی کە بڕیار بوو لە فڕۆکەخانەی ئامەدەوە بپەڕنەوە، هەڵوەشێنرانەوە.
سەرنشینانێک کە بڕیار بوو سەعات ٠٨:٥٥ی بەیانی بە فڕۆکەی کۆمپانیای پێگاسۆس لە ئامەدەوە بەرەو فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن لە ئەیستەنبوڵ بڕۆن، بەهۆی دواکەوتن و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەیانەوە ناچار بوون سەعاتانێک لە فڕۆکەخانە چاوەڕێ بکەن. عەبدولڕەحیم ئۆزگوچ کە یەکێک لە سەرنشینەکان بوو، ناڕەزایەتی دەربڕی و گوتی: "گەشتەکەمان دواکەوت. هۆکارەکەی ناڵێن و زانیاریمان پێ نادەن... کێ بەرپرسە لەمە؟"
بە بەردەوامبوونی بارانەکە، هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان و دواکەوتنی درێژخایەن بووە هۆی دەردەسەریی سەرنشینان و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر کەرتی هاتوچۆ خسترایە بەرباس.
سەرچاوە: Güneydoğu Ekspres