
وەزارەتی تەندروستی لێکۆڵینەوە لە تێچووی خواردنی نەخۆشخانەکان لە ٧ پارێزگا دەکات بەهۆی تۆمەتی گەندەڵی لە کۆمپانیای "فلۆریا یەمەک"
گرێبەستەکانی دابینکردنی خواردن بۆ نەخۆشخانە گشتییەکان لە حەوت پارێزگا، لەوانەش ئامەد و ڕحا، بەهۆی تۆمەتی گەندەڵی و زیان گەیاندن بە سامانی گشتی، دووبارە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
وەزارەتی تەندروستی دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەسەر کۆمپانیای "فلۆریا یەمەک" (Florya Yemek Ticaret A.Ş) کە خزمەتگوزاری خواردن بۆ نەخۆشخانە گشتییەکان لە پارێزگاکانی ئامەد، ڕحا، ئەنقەرە، زۆنگڵداک، نەڤشەهیر، کرشەهیر و ئەستەنبوڵ دابین دەکات. وەزارەتەکە فەرمانێکی فەرمی دەرکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە جیاوازییەکانی نێوان تۆمارەکانی نەخۆشخانەکان و فۆڕمەکانی چاودێری خواردن، هەروەها بۆ دیاریکردنی هەر زیانێکی ئەگەری کە بەر سامانی گشتی کەوتبێت.
لە ڕاپۆرتی پشکنینەکەدا هاتووە کە بۆ ئەو نەخۆشانەی لە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان و ئەو کۆرپەلانەی بە شیری دایک یان شیر و خۆراکی تایبەت دەژین، تۆماری خواردن و نانی بەیانی کراوە، هەروەها تۆمار بۆ ئەو بەشانە کراوە کە هیچ ئەرکێکی شەوانەیان تێدا نەبووە. جگە لەوەش، دەرکەوتووە کە لە تۆمارەکانی هاتن و چوون (تۆرنیکێ)ی هەندێک کارمەنددا دووبارەبوونەوە هەبووە و بە دەستخەت و واژۆی هاوشێوە گۆڕانکارییان تێدا کراوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لیژنەکانی پشکنین و وەرگرتن و چاودێران ئەرکەکانی خۆیان بە دروستی جێبەجێ نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پارەی زیاتر بە کۆمپانیای بەڵێندەر بدرێت و زیان بە سامانی گشتی بگات.
فەرید شەنیاشار، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ڕحا، بابەتەکەی بردە پەرلەمانی تورکیا. لە ئامەدیش پرۆسەی دابینکردنی خواردن بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەتی سەلاحەدین ئەیوبی و نەخۆشخانەکانی زانکۆی دیجلە خراونەتە بەر لێکۆڵینەوە. بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئامەد لێکۆڵینەوەکانی لەسەر پرۆسەی خزمەتگوزارییەکانی ئەو کۆمپانیایە لە شارەکە تەواو کردووە و ئەنجامەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەخۆشخانە گشتییەکان ناردووە.
سەرچاوە: Diyarbakır Yenigün