
داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ داوای مۆڵەتی لێکۆڵینەوە لە شەھاب کاڤجیئۆغڵو دەکات
داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ بۆ لێکۆڵینەوە لە شەھاب کاڤجیئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی دەستەی ڕێکخستن و چاودێریی بانکی (BDDK)، بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر، داوای مۆڵەتی کرد.
داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ بە ناردنی نامەیەک بۆ وەزارەتی گەنجینە و دارایی، داوای مۆڵەتی لێکۆڵینەوەی لە شەھاب کاڤجیئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی BDDK کرد. ئەم داواکارییە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا بووە کە لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر بەڕێوەدەبرێت.
تاھا چاکماک، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی کۆمپانیای بیمەی تورکیا کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا دەستگیرکراوە، لە وتەکانیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کاڤجیئۆغڵو داوای لێکردووە ٦ ملیار لیرەی تورکی بخاتە ناو سندووقەکانی کۆمپانیای بەڕێوەبردنی "پوسولا پای" (PYŞ). ھەروەھا چاکماک ئاماژەی بەوە کردووە کە کاڤجیئۆغڵو لە کاتی پرۆسەی کڕینی کۆمپانیای "پوسولا" لەلایەن گرووپی "تێرا"وە، داوای پشتیوانیی دارایی کردووە.
مستەفا ئاڵپەر تاش، سەرۆکی پێشووی بەشی چوارەمی جێبەجێکردنی BDDK، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە کاتی گواستنەوەی کۆمپانیای "بیرێڤیم" بۆ سەر "پوسولا ھۆڵدینگ"، کاڤجیئۆغڵو ڕێنمایی داوە. تاش وتی کە کاڤجیئۆغڵو پەیوەندی بە ئەو و محەمەد ئێریشەن، جێگری سەرۆکی BDDK کردووە و داوای لێکردوون لەگەڵ موراد چیفتچی کۆببنەوە و ھەڕەشەی ئەوەی کردووە کە کۆمپانیاکە دەخەنە ژێر دەستی سندووقی بیمەی قەرزی دەستبەسەرداگیراو (TMSF).
کاڤجیئۆغڵو کە لە حوزەیرانی ٢٠٢٣ەوە پۆستی سەرۆکایەتیی BDDKی بەڕێوەدەبرد، دوای بڵاوبوونەوەی ئەم تۆمەتانە لە ١١ی تشرینی دووەم دەستی لەکار کێشایەوە. کاڤجیئۆغڵو پێش دەستلەکارکێشانەوەی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووس ئیسماعیل سایماز، ڕایگەیاند کە BDDK "یەکێکە لە دامەزراوە هەرە بەڕێزەکانی تورکیا" و هیچ پەیوەندییەکی بە کاروباری سندووقەکانەوە نییە، هەروەها وتی کە خۆی و خێزانەکەی هیچ پارەیەکیان لەو سندووقانە یان لە بۆرسەدا نییە.
سەرچاوە: Kurdistan24