
وەزارەتی دەرەوەی سوریا پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلی بەرامبەر ڕێککەوتنی ١٩٧٤ شەرمەزار کرد
وەزارەتی دەرەوەی سوریا پێشێلکارییە مەیدانییەکانی ئیسرائیلی لە خاکی سوریا بە پێچەوانەی ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی ١٩٧٤ زانی و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕێکاری ڕێگرکەر بگرێتە بەر.
ڕۆژی یەکشەممە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە توندی پێشێلکارییە مەیدانییەکانی هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیلی بۆ سەر سەروەری خاکی سوریا شەرمەزار کرد.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە پێشێلکارییەکە بە تەواوکردنی کارەکان لەسەر هێڵی "سۆفا ٥٣" ڕوویداوە و ئەمەش بەپێی ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی ١٩٧٤ بە پێشێلکاری دادەنرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم هەڵوێستە دەستدرێژکارانەی ئیسرائیل مەترسییەکی ڕاستەوخۆ و مەترسیدار لەسەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی لاواز دەکات، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە بە پەلە ڕێکاری ڕێگرکەر بگرنە بەر بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم جۆرە کردەوانە و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان.
جگە لەوەش، سوریا دووبارەی کردەوە کە مافی سەروەری تەواوی بەسەر تەواوی وڵاتەکەدا هەیە وەک لە یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتوو، داوای لە وڵاتان کرد بەرپرسیارێتی یاسایی و ئاکاری خۆیان لە پاراستنی سەروەری دەوڵەتان، ڕێزگرتن لە پیرۆزی سنوورەکان و نەهێشتنی مەترسی دەستدرێژکاران بۆ سەر ئاشتی ناوچەکە بگرنە ئەستۆ.
سەرچاوە: Kurdistan24