
سووریا ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە سەرباز بۆ یەمەن دەنێرێت
سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی سووریا ڕایانگەیاند، هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان دیمەشق و ڕیاز تەنها لە چوارچێوەی ڕاهێناندا دەمێنێتەوە و هیچ هێزێک بۆ یەمەن نانێردرێت.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی سووریا ڕایانگەیاند، هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان دیمەشق و ڕیاز تەنها لە چوارچێوەی ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕی ئەزمووندا دەمێنێتەوە و ئەو دەنگۆیانەیان بە توندی ڕەتکردەوە کە باس لە ناردنی سەربازی سووری بۆ یەمەن دەکەن.
سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی بە ئاژانسی سانا-ی ڕاگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ سعودیە کراوە تایبەتە بە ڕاهێنانی کارمەندانی سەربازی و بەرزکردنەوەی تواناکان، هەروەها لە مانگی داهاتووەوە شاندەکانی سعودیە بۆ هەماهەنگی سەردانی سووریا دەکەن و لە داهاتوودا ڕەنگە ئەو هاوکارییە ببێتە ڕێککەوتنێکی بەرگری هاوبەش.
سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە کە پێشینەی حکومەتی دیمەشق ئاسایشی ناوخۆ، ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابوورییە، هەروەها ئەو هەواڵەی ئاژانسی ئە ف پی-ی بە پشتبەستن بە بەرپرسانی یەمەنی ڕەتکردەوە کە گوایە هەزاران سەربازی سووری بۆ بەرەنگاربوونەوەی حوسییەکان ڕەوانەی سعودیە و یەمەن کراون.
سەرچاوە: Kurdistan24