PEZKUWICHAINDIJITAL KURDISTAN NEWS 15 HEZÎRAN 2026 · DUŞEM
سەرەکی سەرەکی
سەرەکی

لە ئەشکەوتی شانەدەر برینێکی ڕم بە تەمەنی ٧٥ هەزار ساڵ دۆزرایەوە
لە هەڵکۆڵینەکانی ئەشکەوتی شانەدەر لە قەزای مێرگەسۆری هەولێر، دەرکەوت کە مرۆڤێکی نیاندەرتاڵ بە ڕمێکی دارین لە دڵی دراوە و ئەمەش بە کۆنترین برینی ڕم دادەنرێت کە لە مێژوودا ناسرابێت.

لە ئەشکەوتی شانەدەر برینێکی ڕم بە تەمەنی ٧٥ هەزار ساڵ دۆزرایەوە

لە هەڵکۆڵینەکانی ئەشکەوتی شانەدەر لە قەزای مێرگەسۆری هەولێر، دەرکەوت کە مرۆڤێکی نیاندەرتاڵ بە ڕمێکی دارین لە دڵی دراوە و ئەمەش بە کۆنترین برینی ڕم دادەنرێت کە لە مێژوودا ناسرابێت.

لەو هەڵکۆڵینانەی بە هاوبەشی لە نێوان زانکۆی کامبریج و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان لە ئەشکەوتی شانەدەر لە قەزای مێرگەسۆری هەولێر ئەنجامدرا، ئێسک و پرووسکی مرۆڤێکی نیاندەرتاڵ بە ناوی "شانەدەر ئەی" دۆزرایەوە کە ٧٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە. ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری "نەیچەر ساینتیفیک ڕیپۆرتس" بڵاوکراوەتەوە.

لە ئێسکی شانی چەپی ئەم پەیکەرەدا کونێکی بازنەیی بە تیرەی نزیکەی ١٥ ملیمەتر دۆزراوەتەوە. پشکنینە سێ ڕەهەندییەکان دەریانخستووە کە ئەم شوێنەوارە بەهۆی لێدانی ڕمێکی دارینی تیژەوە دروست بووە و ڕاستەوخۆ دڵی کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی مردنێکی خێرا. ئەم دۆزینەوەیە وەک کۆنترین بەڵگەی ڕاستەوخۆ لەسەر بەکارهێنانی چەکی دارین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەژمار دەکرێت.

شکانی ددانەکان و شوێنەواری برینی قورس لە کەللەسەری ئەم پەیکەرەدا ئاماژەن بۆ ئەوەی کە "شانەدەر ئەی" لانیکەم ساڵێک پێش مردنی تووشی برینێکی سەخت بووە و سەرەڕای ئەو برینەش ساڵێکی دیکە ژیاوە. توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم دۆخە نیشانەی ئەوەیە ئەندامانی گرووپەکە چاودێری و خۆراک و چارەسەریان بۆ بریندارەکە دابین کردووە، ئەمەش دەریدەخات کە نیاندەرتاڵەکان خاوەنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی پێشکەوتوو و هەستی هاوسۆزی بوون.

پاشماوەکان لە پشت بەردێکی گەورە لە دەروازەی ئەشکەوتەکەدا دۆزراونەتەوە، لە شوێنێکی تایبەتدا کە لانیکەم پێنج کەسی نیاندەرتاڵی بە مەبەست تێیدا بە خاک سپێردرابوون. ئەم ڕێکخستنە، ئەو گریمانەیە بەهێز دەکات کە نیاندەرتاڵەکان بە ڕێوڕەسمێکی هۆشیارانە مردووەکانیان بە خاک سپاردووە. سەرۆکی تیمی هەڵکۆڵینی زانکۆی کامبریج، پڕۆفیسۆر گرایم بارکەر و دکتۆر ئێما پۆمێرۆی جەختیان لەوە کردەوە کە ئەشکەوتی شانەدەر دەروازەیەکی جیهانییە بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی هاوبەشی مرۆڤایەتی و ئەو هاوکارییەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، زەمینەی بۆ دۆزینەوە مێژووییەکان خۆش کردووە.

سەرچاوە: Kurdistan24

هەواڵی پەیوەندیدار