
سەرۆکایەتیی پارێزەرانی ڕحا، پۆستەکەی گەلاتەسەرای سەبارەت بە "کیسەی زەرد" شەرمەزار دەکات
سەرۆکایەتیی پارێزەرانی ڕحا، ئەو وێنەیەی "کیسەی زەرد" کە گەلاتەسەرای دوای یارییەکەی بەرامبەر ئامەد سپۆر لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاویکردەوە، بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ ناوزەدی کرد و داوای لێبوردن و بەرپرسیارێتیی کرد.
لە گەڕی ١١ی خولی نایابی ترێندیۆڵ، گەلاتەسەرای و ئامەد سپۆر ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە و یارییەکە بە ئەنجامی ٤-٣ لە بەرژەوەندی گەلاتەسەرای کۆتایی هات. دوای یارییەکە، ئەو وێنەیەی لە هەژماری فەرمیی سۆشیاڵ میدیای یانەی وەرزشیی گەلاتەسەرای بڵاوکرایەوە و لە ڕای گشتیدا بە "کیسەی زەرد" ناسراوە، لەلایەن سەرۆکایەتیی پارێزەرانی ڕحاوە بە بەیاننامەیەکی نووسراو ڕەخنەی لێ گیرا.
پارێزەران ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەو پۆستە ناتوانرێت وەک پۆستێکی ئاسایی کێبڕکێیەکی وەرزشی سەیر بکرێت و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمە هەڵوێستێکی توند و قبوڵنەکراوە کە شکۆی مرۆڤایەتی، مافی ژیان و یادەوەریی کۆمەڵایەتی دەکاتە ئامانج. هەروەها ڕایانگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی واتای مێژوویی و کۆمەڵایەتیی چەمکی "کیسەی زەرد"، بەکارهێنانی ئەم وێنەیە لەلایەن هەژماری فەرمیی یانەیەکی وەرزشییەوە وەک کەرەستەی گاڵتەجاڕی یان پڕوپاگەندە، خزمەت بە ئاساییکردنەوەی توندوتیژی دەکات.
سەرۆکایەتیی پارێزەرانی ڕحا ڕایگەیاند کە ئەو هێمایانەی بیرهێنەرەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤن، نابێت بکرێنە کەرەستەی کێبڕکێی وەرزشی و دروستکردنی ڕق و کینە و قووڵکردنەوەی جیاکاریی کۆمەڵایەتی قبوڵنەکراوە. لە کۆتاییدا، داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی گەلاتەسەرای کرد کە داوای لێبوردن لە ڕای گشتی بکەن و بەرپرسیارێتیی ئەو مانایە و دەرەنجامانە هەڵبگرن کە پۆستەکە هەڵگریەتی.
سەرچاوە: Urfanatik