
پێنتاگۆن ئامادەکارییەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی ئێران تەواو کرد، چاوەڕێی بڕیاری ترەمپ دەکرێت
لەکاتێکدا ئەمریکا ئامادەکاری بۆ دەستوەردانێکی سەربازیی بەربڵاو لە دژی ئێران دەکات، ئەگەری هەیە درانی ئەم بڕیارە پێش هەڵبژاردنەکان کاریگەری دروست بکات.
پێنتاگۆن لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێنمایی داوەتە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەربڵاو لە دژی ئێران تەواو بکات. لە ڕێنماییەکاندا خشتەی کاتی هێرشەکە دیاری نەکراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
سەرچاوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە بەدوور نازیڕێت ئۆپەراسیۆنەکە ڕاستەوخۆ پێش هەڵبژاردنە بەراییەکانی ئەمریکا، ئەگەریش هەیە هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ئەنجام بدرێت. چاوەڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنێکی ئاستبەرز، ئامانجەکانی ئێران لە کەرتی وەزە، ژێرخانی ئابووریی گرنگ و بەرنامەی ئەتۆمی بباتە ژێر بۆردومانێکی چڕەوە.
هەڵگیرسانی شەڕێک لە سێ بۆ چوار هەفتەی داهاتوودا، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئەگەریی نرخەکانی نەوتەوە دەکرێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنە بەراییەکانی ئەمریکا دابنێت. بەرپرسێکی پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە کە ئەرکی سەرەکی وەزارەتی جەنگ ئامادەکردنی بژاردەی سەربازیی جێگرەوەیە بۆ ترەمپ، بەرپرسێکی کۆشکی سپیش جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەموو بژاردەکان هەمیشە لەسەر مێزی ترەمپن.
گۆڤاری ئەتلانتیک ڕاپۆرتی داوە کە ترەمپ بەدواداچوون بۆ لێدانێکی سەربازی لە دژی ئێران پێش هەڵبژاردنەکان دەکات، لە هەمان کاتدا چاوەڕێ دەکرێت ناوبژیکارانی قەتەر وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکا بدەنەوە؛ بەڵام دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران هێشتا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەخۆوە نەدیوە. بەرپرسێکی ئیسرائیلیش رایگەیاندووە کە گفتوگۆکان دەربارەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەربڵاو لە دژی ئێران خێراتر بوون.
سەرچاوە: Kurdistan24