
دۆسیەی دادگاییکردنی دەمیرتاش کە داوای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەکرێت ڕەوانەی مێرسین کرا
دۆسیەی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە ئامەد دادگایی دەکرا، ڕەوانەی دادگای ١٤ی سزادانی ئامادەیی مێرسین کرا.
دادگای ١٨ی سزادانی ئامادەیی ئامەد، لە نێوان دانیشتنەکاندا داواکاریی پارێزەرانی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی تاوتوێ کرد کە داوایان کردبوو دۆسیەی دادگاییکردنی لە ئامەد لەگەڵ دۆسیەی تاوانە هاوشێوەکان لە دادگای ٢٢ی سزادانی قورسی ئانکارا و دادگای ١٤ی سزادانی ئامادەیی مێرسین بەیەکەوە ببەسترێنەوە.
دادگا داواکاریی پارێزەرانی بۆ بەیەکەوەبەستنەوەی دۆسیەکان قبووڵ کرد و بڕیاری داد بەوەی بە هۆی "نەبوونی دەسەڵات" دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای ١٤ی سزادانی ئامادەیی مێرسین بكرێت.
دەمیرتاش بە هۆی بەشداریكردنی لە حەوت چالاکی جیاواز لە ساڵی ٢٠١٦ لە ئامەد، بە تۆمەتەکانی "هاندانی ئاشکرا بۆ کردنی تاوان"، "هاندانی ئاشکرای خەڵک بۆ ڕق و دژایەتیکردنی یەکتر"، "پیاهەڵدان بە تاوان و تاوانباران"، "ڕێکخستن و بەڕێوەبردن و بەشداریکردن لە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی دژ بە یاسا" و "بێڕێزیکردنی ئاشکرا بەرامبەر گەلی تورک، دەوڵەتی کۆماری تورکیا، پەرلەمانی تورکیا، حکومەت و دەزگاكانی دادوەری" دادگایی دەکرێت. بۆ ئەم تاوانانە داوای لە ٩ ساڵ تا ١٥ ساڵ سزای زیندانیکردنی بۆ دەکرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24