
وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور: ناردنی سەرباز بۆ گەرووی هورمز هێشتا لە قۆناغی بڕیارداندایە
چۆ هیۆن ڕایگەیاند کە هێشتا هیچ بڕیارێک لەبارەی جێگیرکردنی هێزی سەربازی و کەلوپەل لە گەرووی هورمز نەدراوە.
وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور، چۆ هیۆن ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هێشتا هیچ بڕیارێکی لەبارەی جێگیرکردنی هێز و کەلوپەلی سەربازی لە گەرووی هورمز نەداوە. وەزیر ئەم ڕاگەیەندراوەی پێش بەڕێکەوتنی بۆ واشنتۆن کرد، بە مەبەستی دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ.
چۆ هیۆن جەختی لەوە کردەوە کە بەشداریی کۆریای باشوور لە دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا هێشتا لە قۆناغی هەڵسەنگاندندایە و هیچ بڕیارێکی کۆتایی بۆ ناردنی سەرباز یان کەلوپەلی سەربازی بۆ ناوچەکە نەدراوە.
وەزیر و ڕوبیۆ ڕۆژی هەینی تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان، دۆسیەی نیمچەدوورگەی کۆریا و پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن. لە کۆبوونەوەکاندا هەروەها دۆسیەکانی ئاسایشی کۆریای باکوور و میکانیزمی جێبەجێکردنی بەڵێنی وەبەرهێنانی ٣٥٠ ملیار دۆلاریی کۆریای باشوور لە ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی بازرگانیی پێشوودا تاوتوێ دەکرێن.
سیئۆل هەوڵ دەدات هاوسەنگی لە نێوان هاوپەیمانیی بەرگری لەگەڵ ئەمریکا و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە لێکەوتەکانی دەستوەردانی سەربازیی ئەگەری لە گەرووی هورمز ڕاگرێت. ئەم هەوڵە دوای هۆشدارییەکەی ئێران خێراتر بوو، کە ڕایگەیاندبوو بەشداریی ئەگەریی کۆریای باشوور لە ناوچەکەدا لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت.
سەرچاوە: Kurdistan24