
دوای گیانلەدەستدانی کارمەندێک لە پەیمانگایەک لە سیبیریای ڕووسیا ززیاتر لە ٦٠ کارمەند کەرەنتین کران
دوای گیانلەدەستدانی کارمەندێکی تاقیگە لە پەیمانگای توێژینەوەی تاعوون لە ئیرکوتسک بەهۆی هەوکردنی سییەکانەوە، زیاتر لە ٦٠ کارمەند کەرەنتین کران و نزیکەی ٢٠٠ کەسیش خرانە ژێر چاودێریی تەندروستییەوە.
کارمەندێکی تاقیگە کە تەمەنی ٢٨ ساڵ بوو و لە پەیمانگای توێژینەوەی تاعوونی ئیرکوتسک کاری دەکرد، بەهۆی هەوکردنی سییەکان بە هۆکارێکی نەزانراو گیانی لەدەستدا. دوای گیانلەدەستدانی، زیاتر لە ٦٠ کارمەندی پەیمانگاکە کەرەنتین کران و نزیکەی ٢٠٠ کەسیش خرانە ژێر چاودێریی تەندروستییەوە.
لە کاتێکدا ڕێکارەکانی کەرەنتینە لە هەندێک نەخۆشخانەی ناوچەکەدا جێبەجێ دەکرێن، ئیگۆر کۆبزێڤ، پارێزگاری ئیرکوتسک ڕایگەیاند ئەو کەسانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەو توێژەرەدا هەبووە لەژێر چاودێریی تەندروستیدان. بەرپرسان ڕایانگەیاندووە هیچ حاڵەتێکی تاعوون لە نێوان ئەو کەسانەدا نەدۆزراوەتەوە کە بەرکەوتنیان هەبووە، و هەندێک لەوان تووشی کۆرۆنا و ڤایرۆسی ڕینۆ بوون.
دامەزراوەی چاودێریی تەندروستیی ڕووسیا (ڕۆسپۆترێب نادزۆر) هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بە "هەوکردنی سییەکان بە هۆکارێکی نەزانراو" ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە لە پشکنینە بەربڵاوەکاندا هیچ بکتریایەک کە پەیوەندی بە کارەکەیەوە هەبێت نەدۆزراوەتەوە. ئەو دەنگۆیانەی دەیانگوت شووشەیەکی هەڵگری بکتریای تاعوون لە تاقیگەکەدا شکاوە بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە و ڕاگەیەندراوە هیچ ڕووداوێک بەهۆی بەکتریای مەترسیدارەوە ڕووی نەداوە.
پسبۆڕان جەختیان لەوە کردەوە کە تاعوون کە دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان، بە دەرمانی دژەبکتریای هاوچەرخ چارەسەر دەکرێت و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە بارودۆخی ئێستادا مەترسیی تەندروستیی گشتیی جیهانی بە کەم دەڵێت. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ڕایانگەیاندووە لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەن و لە صورتێکی پێویستدا دەتوانن هاوکاری بپێشنکەشی ڕووسیا بکەن.
سەرچاوە: Rûdaw