
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دێم پارتی باکیرهان، داوای داخستنی وێستگەی وزەی گەرمیی گرووپی سینەر لە سێلۆپی کرد
تونجەر باکیرهان ڕایگەیاند کە وێستگەی وزەی گەرمیی سەر بە گرووپی سینەر لە سێلۆپی بووەتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە و داوای کرد مۆڵەتەکەی نوێ نەکرێتەوە.
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دێم پارتی تونجەر باکیرهان، لە قەزای سێلۆپی سەر بە پارێزگای شرناخ ڕایگەیاند کە وێستگەی وزەی گەرمیی سەر بە گرووپی سینەر بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە و داوای داخستنی ئەو وێستگەیەی کرد.
باکیرهان لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێپێوانەکەدا بەم شێوەیە جەختی لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی سەر ئاو، کشتوکاڵ و تەندروستی کردەوە و داوای کرد مۆڵەتی وێستگەکە نوێ نەکرێتەوە: "منداڵانی ئێمە بەشی خۆیان نەخۆش کەوتن. ناتوانین ئاو بخۆینەوە، ناتوانین ئەو شتانە بخۆین کە دەیچێنین. بەشی خۆتان ژەهرتان پێداین. لەمەودوا مۆڵەتەکەی نوێ مەکەنەوە."
ڕێپێوانەکە لە نێوان شارۆچکەکانی بێسپین (گۆریملو) و گیتێ (چالیشکان)ی سەر بە سێلۆپی بەڕێوەچوو؛ دوای چالاکییەکە لە شەقامی هونەر لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی درا و باکیرهان بانگەشەی ئەوەی کرد کە لەو ڕۆژەوەی وێستگەکە دامەزراوە، ٤ هەزار کەس بەهۆی شێرپەنجەوە گیانیان لەدەست داوە.
باکیرهان ئاماژەی بەوەش کرد کە خەباتی داهاتوویان لەگەڵ پرۆسەی ئاشتیدا، بۆ پاراستنی سروشت، ئاو و خاکی پاک بەردەوام دەبێت.
سەرچاوە: Rûdaw