
پارێزگاری سنە داوای مۆڵەتدانی بۆ پەیمانگای زمانی و ئەدەبی کوردی کرد
ئارێش لەهوونی، پارێزگاری سنە داوای لە بەرپرسان کرد مۆڵەتی فەرمی بە پەیمانگای زمانی و ئەدەبی کوردی بدەن.
ئارێش لەهوونی، پارێزگاری سنە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە پرۆسەی مۆڵەتدانی فەرمی بۆ پەیمانگای پسپۆڕیی زمانی و ئەدەبی کوردی تەواو بکەن. ئەو ئەم قسانەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی کلتووردا کرد کە عەبدولحوسێن خوسرەوپەنا، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کلتووری تێیدا بەشدار بوو.
لەهوونی ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە بەردەوامن و پەیمانگاکە خزمەت بە ئامانجەکانی وەک بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی، تەبایی کۆمەڵایەتی و پتەوکردنی کلتووری پێکەوەژیان و زیادکردنی بەشداریی مەدەنی دەکات.
پارێزگار بە ئاماژەدان بە سنوورداربوونی بودجە، جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای کەمیی سەرچاوەی دارایی، چالاکییە کلتوورییەکان لە پارێزگاکەدا بەبێ وەستان بەردەوامن و بەرنامەی نوێ بۆ پلاندانانە کلتوورییەکان زیاد کراون. هەروەها زانیاریی ئەوەش خرایە ڕوو کە زانکۆی کوردستان، کە تاکە زانکۆی دەوڵەتیی پارێزگاکەیە، لە ساڵی ١٩٧٤ لەلایەن فەرەیدوون موتەمیدەوە دامەزراوە و لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێرانەوە وەک زانکۆیەکی دەوڵەتیی سەربەخۆ ناسێنراوە.
سەرچاوە: Kurdistan24