
وەزارەتی بەرگریی تورکیا: سەربازێک لە سنووری جۆلەمێرگ بە تەقەی ئێران گیانی لەدەست دا
یووسف سەعید ئونلو، سەربازی گرێبەست، لە سنووری جۆلەمێرگ-گەڤەر بەهۆی تەقەیەکەوە کە سەرچاوەکەی ئێران بووە، گیانی لەدەست دا.
وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا ڕایگەیاند، یووسف سەعید ئونلو، سەربازی گرێبەست، لە ڕێکەوتی ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە سنووری قەزای گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ و لە ناوچەی بەرپرسیارێتی بنکەی سنووریی "ئەنگین"، لە کاتی ڕێگریکردن لە پەڕینەوەی نایاسایی، بەهۆی تەقەیەکەوە کە پێشبینی دەکرێت لەلایەن ئێرانەوە کرابێت، گیانی لەدەست داوە.
وەزارەتەکە ئاشکرای کرد کە دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی دادوەری و کارگێڕی دەستی پێ کردووە و لە ڕێکەوتی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە شوێنی ڕووداوەکە کۆبوونەوە ئەنجامدراوە. هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە لایەنی ئێرانیش لە هەمان بابەتدا لێکۆڵینەوەی دادوەری و کارگێڕییان دەست پێ کردووە و هەردوو لا بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر کار دەکەن.
تەرمی یووسف سەعید ئونلو لە زێدی خۆی لە قەزای چینەی سەر بە پارێزگای ئایدن بە خاک سپێردرا.
سەرچاوە: Rûdaw