
سەرۆکی سڕبیا ئالێکساندەر ڤوچیچ لە ۲۷ی ئەیلوولدا دەست لەکاردەکێشێتەوە
سەرۆک ڤوچیچ ڕایگەیاند کە لە ۲۷ی ئەیلوولدا لە پۆستەکەی دەکشێتەوە و بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەماندا دەکات کە لە ۲٥ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی سڕبیا ئالێکساندەر ڤوچیچ، لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی پینک ڕایگەیاند کە لە ۲۷ی ئەیلوولدا لە پۆستی سەرۆکایەتی دەست لەکاردەکێشێتەوە. ڤوچیچ گوتی دوای دەستلەکارکێشانەوەی وەک "هاووڵاتییەکی ئاسایی" سەردانی ناوچەکانی وڵات دەکات و بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەماندا دەکات کە لە ۲٥ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەدەچێت.
ڤوچیچ کە کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانە لە پارتی پێشکەوتنی سڕبی (SNS)ی دەسەڵاتدار، ڕایگەیاند ئەگەر لیستی هەڵبژاردنەکەی کە ناوی خۆی هەڵگرتووە کەمتر لە سەدا ٥۰ی دەنگەکان بەدەستبێنێت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بە شکست ئەژمار دەکات. هەروەها ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی دوو ساڵی ڕابردوو کرد کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە سەرپەرشتی دەکرا و گوتی دەیەوێت خەڵک ببێنێت کە کۆمەڵگە و وڵات لەلایەن کام لایەنەوە باشتر بەڕێوەدەبرێت.
ڤوچیچ ئاماژەی بە ڕاگەیاندنی لیستی هەڵبژاردنی بزووتنەوەی قوتابیان بە ناوی "لیستی قوتابیان" کرد و ئیدیعای کرد کە ئۆپۆزسیۆن دەکرێت دەیان شۆشکیچ، سەرۆکی پێشووی بانک ناوەندی سڕبیا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بکات. ناوبراو ڕایگەیاند لە حالەتی گەڕانەوەی شۆشکیچ، دراوی وڵات دەبێتە دینار و بانکی ناوەندی زیانی بەرپێدەکەوێت، هەروەها چالاکوانانی دژە سڕبیش دێنە ناو دەسەڵاتەوە.
ڤوچیچ ئیدیعای کرد کە لە حالەتی هاتنەسەر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن، "سڕبیا لە ماوەی سێ ڕۆژدا سزاکان بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت". بڕیار بوو هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لە کانونی اولی ۲۰۲۷ بەڕێوەبچێت، بەڵام خۆپیشاندانی قوتابیان کە دوو ساڵە بەردەوامە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
سەرچاوە: کوردستان۲٤