
ڕێنمایی سەلماندنی تەمەن لە سۆشیاڵ میدیا لەلایەن سەرۆکایەتیی ئاسایشی سایبەرییەوە
دەستگەیشتنی بەکارهێنەرانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ بە سۆشیاڵ میدیا لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ قەدەغە دەکرێت، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ١٨ ساڵدایە لە ژینگەیەکی پارێزراودا خزمەتگوزاری وەردەگرن.
سەرۆکایەتیی ئاسایشی سایبەریی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆمار ڕایگەیاند، ئەو ڕێنماییەی بۆ سەلماندنی تەمەن بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی منداڵان لە سۆشیاڵ میدیا ئامادەی کردووە، لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ڕێکخستنە نوێیەکە، دەستگەیشتنی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ١٥ ساڵ کەمترە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە دەکرێت؛ بەکارهێنەرانی تەمەن ١٥ بۆ ١٨ ساڵیش لە ژینگەی دیجیتاڵیی پارێزراودا خزمەتگوزاری وەردەگرن کە لەگەڵ ئاستی گەشەکردنیاندا گونجاو بێت و ستانداردی بەرزی نهێنی و ئامرازەکانی چاودێریی دایک و باوک دابین بکات.
پلاتفۆرمەکان لە کاتی ئەندامێتیی نوێدا سەلماندنی تەمەن بە ناچاری جێبەجێ دەکەن و بەکارهێنەرانی ئێستاش دەتوانن تا ٣١ی ئاداری ٢٠٢٧ ئەم پرۆسەیە تەواو بکەن. پرۆسەکانی سەلماندن لە ڕێگەی دەروازەی حکوومەتی ئەلیکترۆنی (e-Devlet) یان ئەو نیشانانەی لە ئەپڵیکەیشنی فەرمیدا دروست دەکرێن ئەنجام دەدرێت؛ ناسنامە و زانیارییە کەسییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیادا هاوبەش ناکرێن.
سەرۆکایەتییەکە هۆشداری دا بە بەکارهێنەران لە بەرامبەر پەیامی ساختە و هەوڵەکانی فێڵکردن، جەختیشی کردەوە کە پێویستە ئاگادارکردنەوەکانی سەلماندنی تەمەن تەنیا لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و زانیاریی کەسی وەک وشەی نهێنی و زانیاریی کارتی بانکی ئاشکرا نەکرێن. ماڵپەڕ و لینکە گوماناوییەکان دەتوانرێت لە ڕێگەی ناونیشانی siberguvenlik.gov.tr/ihbar ڕاپۆرت بکرێن.
سەرچاوە: Kurdistan24