
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان: لە ساڵی ٢٠٢٧دا ١٢٠ ملیار دینار بۆ بەغدا نانێردرێت
پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر و ڕێکخستنەوەی بودجە، لە ساڵی ٢٠٢٧دا ١٢٠ ملیار دینار بۆ بەغدا نانێردرێت.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان٢٤ ڕایگەیاند، ناوی سەرجەم ئەو کەسانەی لە لافاوەکەی ئەم دواییەی هەولێر زیانیان بەرکەوتووە تۆمار کراوە و بۆ قەرەبووکردنەوەیان هاوکاری دەکرێن. کاری بەدواداچوون و ژماردنی زیانەکان لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە ئەنجام دەدرێت.
هەورامانی جەختی لەوە کردەوە کە بارینی زیاتر لە ٨٠ ملیمەتر باران لە ماوەیەکی کەمدا کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوچەکە هەبووە، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و بەرپرسانیش ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.
لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، بڕیار دراوە کە پێدانی مووچەی دوو مانگی ئێستا بە هەمان شێوازی پێشوو بەردەوام بێت، بەڵام لەسەر سیستمێکی نوێ ڕێککەوتوون کە بەپێی ئەو سیستمە، لە ساڵی داهاتوودا ١٢٠ ملیار دینار بۆ بەغدا نانێردرێت.
هەورامانی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکوەزیران بارزانی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی بە وردی پێشکەش بە بەغدا کردووە، بەتایبەت لەسەر بڕینی خەرجییە سیادییەکان و نەدانی بودجەی پڕۆژە هەرێمییەکان. ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تێگەیشتنەوە لە داواکارییەکانی ڕوانیوە و بەمەش لێکتێگەیشتنێکی ئەرێنی لەسەر داهاتی ناوخۆ و مووچە لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە.
سەرچاوە: Kurdistan24