
سەباح نوعمان: ڕێگە سەرەکییەکانی جرف سەخەر بەم نزیکانە دەکرێنەوە
فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی، ڕێگە سەرەکییەکانی ناوچەی جرف سەخەر لە پارێزگای بابل بۆ هاتووچۆ دەکرێنەوە.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە ئەمنییە نوێیەکاندا، ژمارەیەک شەقامی سەرەکی لە ناوچەی جرف سەخەری سەر بە پارێزگای بابل بۆ هاتووچۆ دەکرێنەوە. نوعمان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی وڵات وتی، ئەم هەنگاوانە بە چاودێری و هەماهەنگی نووسینگەی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەنجام دەدرێن.
نوعمان ئاشکرای کرد کە هێزە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دابەش کراونەتەوە، سنووری بەرپرسیارێتی نێوان حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراق دیاری کراوە و پاراستنی بۆرییە نەوتییەکانیش ڕادەستی پۆلیسی وزە کراوە. هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە فەوجێکی جێگیری سەر بە دەزگای دژەتیرۆر وەک هێزی یەدەگ ئامادە دەبێت و بارەگایەکی کۆنترۆڵیش بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی یەکە ئەمنییەکان دامەزراوە.
خشتەی کردنەوەی ڕێگە سەرەکییەکان بەو شێوەیە پلانی بۆ دانراوە کە سەرەتا هێزە ئەمنییەکان جێگیر بکرێن و ناوچەکانی بەرپرسیارێتی دیاری بکرێن، پاشان ئەو ڕێگە گرنگانە بکرێنەوە کە ناحیەی عامرییەی فەلوجە بە بەغدا و ئەنبارەوە دەبەستنەوە. نوعمان جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕێوشوێنانە تەنها لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکو خزمەتگوزاری و پڕۆژە ستراتیژییەکانیش دەگرێتەوە کە دەبنە هۆی گەشەپێدان و بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەکە. پێگەی ستراتیژی جرف سەخەر کە چوار پارێزگا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەرفەتی گرنگی ئابووری لە بواری کشتوکاڵ، ژێرخانی پیشەسازی و بۆرییە نەوتییەکاندا پێشکەش کردووە.
سەرچاوە: Kurdistan24