
حکومەتی عێراق گەورەترین سەرکەوتنی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیاند
حەیدەر عەبوودی ووتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی ئۆپەرسیۆنەکانی "هەڵمەتی شەفەق"ەوە، ٢.٦ تریلیۆن دینار و ٧٨١ ملیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕێنراونەتەوە.
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA) لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا ڕایگەیاند، ئۆپەرسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە ناوی "هەڵمەتی شەفەق" بە بێپچڕان بەردەوامن و لەم پرۆسەیەدا زیاتر لە ٢.٦ تریلیۆن دینار و ٧٨١ ملیۆن دۆلار لە سەرمایەی گشتی بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕێنراونەتەوە.
عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەرسیۆنانەدا، ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکان لەوانە سیاسییەکان، پەرلەمانتاران و بەرپرسانی باڵا سزادراون و ئەنجامە بەدەستهاتووەکانیش بە بڕیاری دادگا بەرجەستە کراون. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە هەماهەنگیی تەواودایە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەریدا، و گوتیشی بێ ئەم هەماهەنگییە دۆسیەکانی گەندەڵی نەدەگەیشتنە ئەنجام.
ئاماژە بەوەش درا کە ئەم بڕە پاره گەڕێنراوانە دەکرێنە ناو "سندوقی نەوەکانی داهاتوو" کە لە ڕەشپێشنیاری یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا دیاری کراوە، و ئەم سندوقەش بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتدا نوێنەرایەتی ڕوانگەیەک دەکات بۆ دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانیی نەوەکانی داهاتوو، هەروەها لە ڕێگەی داهاتی نەوتەوە دەبێتە پاڵپشتییەکی دارایی زیادە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
سەرچاوە: Kurdistan24