
لە سۆران باوکێک و کوڕەکەی کەوتنە ناو حەوزی ئاوەوە و خنکان
لە کوێستانی گوندی بێولەی سەر بە قەزای چۆمان، باوکێک و کوڕەکەی کەوتنە ناو حەوزی ئاوەوە و لەلایەن تیمەکانی ڕزگارکردنەوە بە مردوویی دۆزرانەوە.
ڕۆژی ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ دەوروبەری کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ، لە کوێستانی گوندی بێولەی سەر بە قەزای چۆمان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، باوکێک و کوڕەکەی کەوتنە ناو حەوزێکی ئاوەوە. هۆکاری کەوتنی ئەو خێزانە کە سەرقاڵی ئاژەڵداری بوون، هێشتا نەزانراوە.
ڕەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانیی سۆران ڕایگەیاند کە دەستبەجێ دوای پێگەیشتنی زانیاری لەسەر ڕووداوەکە، تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن گەیشتنە شوێنەکە و کاتێک گەیشتن، تەرمی باوکەکە و کوڕەکەیان دۆزییەوە.
تیمەکان تەرمەکانیان لە حەوزەکە دەرهێنا و ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی سۆرانیان کرد بۆ ئەنجامدانی پشکنین. ڕاگەیەندراوە کە ئەو خێزانە خەڵکی قەزای ئاکرێن و لە وەرزین هاویندا بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان چووبوونە کوێستان.
سەرچاوە: Kurdistan24