
لە ئۆپەراسیۆنێکی دژی داعش لە دەوروبەری دیمەشق دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا
لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەیەکی دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سووریا، دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کوژران و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە شارۆچکەی رێنکوس لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سووریا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا دژی شانەیەکی داعش، دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون. ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) ئەم زانیارییانەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری گشتی ئەنجامدراوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی سووریادا بڵاوکراونەتەوە، لە پێکدادانەکاندا ژمارەیەک چەکداری داعش کوژراون و بریندار بوون؛ هەندێکیشیان دەستبەسەر کراون. بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە، بەرپرسان بڕیاریاندا خوێندنگەکانی رێنکوس دابخەن و دەوامی فەرمانبەرانی حکومی رابگرن، هەروەها داوایان لە هاووڵاتییان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەچنە دەرەوە.
رۆژی هەینی رابردوو، دەزگای هەواڵگری گشتی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، پلانی شانەیەکی توندڕەویان لە دەوروبەری دیمەشق پوچەڵکردەوە کە خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر پۆلیس ئامادە دەکرد. لەو ئۆپەراسیۆنەدا دوو کەس بە چەک و تەقەمەنییەوە دەستبەسەر کران.
هێزە ئەمنییەکانی سووریا لە مانگەکانی رابردوودا چەندین ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەیان لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە دژی پاشماوەکانی داعش ئەنجامداوە. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی داعش، لەنێویاندا بەرپرسانی رێکخراوەکە، دەستگیرکراون و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی دەستی بەسەردا گیراوە.
سەرچاوە: رووداو