
بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە سووریا؛ ٥ کەس گیانیان لەدەست دا و ٥ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن
لە ناوچە گوندنشینەکانی ڕەققە و دێرەزوور لە سووریا، لافاو بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم پێنج کەس و بێسەروشوێنبوونی پێنج کەسی دیکە.
بارانبارینی بەخوڕ و لافاو کە پارێزگاکانی سووریای گرتووەتەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی فریاگوزاری و کاردانەوەی کارەساتەکانی سووریا لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم پێنج کەس و بێسەروشوێنبوونی پێنج کەسی دیکە. لەنێو قوربانییەکاندا چوار منداڵ هەن؛ گیانلەدەستدانەکان بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگاکانی ڕەققە و دێرەزوور ڕوویانداوە.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتەکە لە سەکۆی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بۆ دۆزینەوەی ئەو پێنج کەسەی لە پارێزگاکانی ڕەققە، دێرەزوور و حەلەب بێسەروشوێن بوون، بەردەوامن. تیمەکانی بەرگری شارستانی سووریا توانیویانە ٢٥ کەس ڕزگار بکەن کە لە ناوچەکانی ڕەققە، دێرەزوور و حومس لەنێو لافاوەکەدا گیریان خواردبوو یان ئۆتۆمبێلەکانیان لە قوڕدا گیر ببوو.
بەڕێوەبەرایەتی فریاگوزاری ڕایگەیاندووە کە تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن و بەرگری شارستانییان بۆ سەرجەم ئەو ناوچانە ناردووە کە لافاو لێیداوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان وەڵامی داواکارییەکانی هاووڵاتییانیان داوەتەوە. وەزارەتەکە لە سەرەتای هەفتەوە هۆشداری دابوو لەبارەی بارانبارینی بەخوڕ لە حەلەب، دێرەزوور و بەشەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە و داوای لە هاووڵاتییان کردبوو لە ڕێڕەوی ئاوەڕۆکان و ناوچە نزمەکان دوور بکەونەوە.
سەرچاوە: Rûdaw