
وەزارەتی پەروەردەی سوریا دوو سەرپەرشتیاری بۆ وانەی کوردی لە حەلەب دیاری کرد
وەزارەتی پەروەردەی سوریا لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە 2026، دوو سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بۆ بەدواداچوونی وانەی کوردی و دابەشکردنی مامۆستایان لە قوتابخانەکانی حەلەب دەستنیشان کرد.
وەزارەتی پەروەردەی سوریا بە مەبەستی بەڕێوەبردنی پرۆسەی وانەی کوردی لە پارێزگای حەلەب، دوو سەرپەرشتیاری پسپۆڕی پەروەردەیی ڕاسپارد. ئەم بڕیارە بە نووسراوێکی ڕەسمی بە ئیمزای د. عیسمەتوڵڵا ڕەمەزان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن ڕاگەیەندرا.
سەرپەرشتیارە ڕاسپێردراوەکان بریتیین لە "مەننان ناسر جەعفەر" و "عەبدولسەلام حسێن حسێن" کە لە میلاکی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی حەلەبدان. ئەم بەرپرسانە دوای چاوپێکەوتن و تاقیکردنەوە لەلایەن کۆمسیۆنێکی پسپۆڕەوە دەستنیشان کراون و بەرپرس دەبن لە سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی و هەماهەنگیکردنی وانەی کوردی لە قوتابخانەکانی حەلەب.
لە ئەرکەکانی ئەم سەرپەرشتیارانە، ڕێکخستنی دابەشکردنی مامۆستایان دەبێت بۆ ئەو قوتابخانانەی کە وانەی کوردییان خستووەتە ناو پرۆگرامی خوێندن. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە 13ی ساڵی 2026 نراوە و بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەت، وانەی کوردی وەک وانەیەکی ئارەزوومەندانه لە قوتابخانە حکومییەکانی ئەو ناوچانەی دانیشتووانی کوردیان تێدا زۆرە دەوترێتەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24