
تەقینەوەی مین لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا: ٤ منداڵ گیانیان لەدەست دا
مینێکی کۆن لە گوندی ئوم حوزەیبی نزیک ئیدلب تەقییەوە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار منداڵ و برینداربوونی دوو منداڵی دیکە.
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی سووریا ڕایگەیاند، لە گوندی ئوم حوزەیب لە دەوروبەری پارێزگای ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، مینێک تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا چوار منداڵ گیانیان لەدەست داوە و دوو منداڵی دیکەش بریندار بوون. ئاماژە بەوە کراوە کە تەقینەوەکە بەهۆی مینێکی سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە بووە.
لە ماوەی زیاتر لە ١٣ ساڵی شەڕی ناوخۆیی سووریادا، ئەو مین و تەقەمەنییە نەتەقیوانەی کە لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە لە ناوچەکان چێنراون، هێشتا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ماونەتەوە. بەپێی داتاکانی میکانیزمی هەماهەنگی مینی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کاتی ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە تا سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەکانی جەنگەوە ٢ هەزار و ٣٧٥ کەس بریندار بوون یان گیانیان لەدەست داوە؛ کە زیاتر لە ٨٥٠ کەسیان منداڵ بوون.
سایمۆن جاکسۆن، بەڕێوەبەری بەرنامەی سووریای ڕێکخراوی "هالۆ تراست" ڕایگەیاند کە مینەکان نزیکەی هەر شەش کاتژمێر جارێک دەبنە هۆی کوژران یان برینداربوونی کەسێک. هەروەها ڕاپۆرتی چاودێری مین و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان کە لە مانگی حوزەیراندا بڵاوکرایەوە، ئاشکرای کرد کە ساڵی ڕابردوو سووریا لە ئاستی جیهاندا زۆرترین ژمارەی قوربانی و برینداری بەهۆی مین و پاشماوەکانی جەنگەوە هەبووە و بە گشتی هەزار و ٦٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە یان بریندار بوون.
سەرچاوە: Rûdaw