
وەزارەتی بەرگریی سوریا بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ بۆ بریندارانی هەسەدە لە حەسەکە دەکاتەوە
وەزارەتی بەرگریی سوریا لە دوای ڕێککەوتن لەگەڵ پارێزگاری حەسەکە، بەڕێوەبەرایەتییەکی دامەزراند بۆ دابینکردنی چارەسەری پزیشکی و مووچەی بریندارانی هەسەدە.
وەزارەتی بەرگریی سوریا لە دوای ڕێککەوتن لەگەڵ پارێزگاری حەسەکە، دەستی کرد بە پرۆسەی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکی سەر بە وەزارەتەکە لەو شارەدا. ئیدارە نوێیەکە لە ژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەزارەتدا کار دەکات.
لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا، دوو نووسینگەی جیاواز پێکدەهێنرێن بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری برینداران و خێزانی شەهیدانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە). ئامانجی ئەم نووسینگانە دابینکردنی چارەسەری پزیشکی، مووچە و مافە داراییەکانی دیکەی بریندارانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی وەزارەتی بەرگرییەوە.
شاندێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەزارەتی بەرگری گەیشتووەتە حەسەکە و دەستی بە کۆبوونەوە لەگەڵ بریندارانی هەسەدە کردووە. ئاماژە بەوە کراوە کە کۆبوونەوەکان بەهۆی زۆریی ژمارەی بریندارانەوە کاتێکی زۆری دەوێت، و پلانیش وایە دوای ناردنی دۆسیەکان بۆ وەزارەت، وەرگرتنی فەرمی و دانانی مافەکانی برینداران جێبەجێ بکرێت. ڕاگەیەندراوە کە هەمان ڕێکار بۆ خێزانی شەهیدانیش جێبەجێ دەکرێت.
سەرچاوە: Rûdaw