
عەرەبستانی سعوودی دوو هاووڵاتیی خۆی بە تۆمەتی تیرۆر لە سێدارە دا
عەرەبستانی سعوودی، فازڵ سەفوانی و جەواد قوڕەیسی بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی لە سێدارە دا؛ قوڕەیسی کاتی دەستگیرکردنی تەمەنی ١٤ ساڵ بوو.
دەسەڵاتی عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند، دوو هاووڵاتیی خۆی بە ناوەکانی فازڵ سەفوانی و جەواد قوڕەیسی بە تۆمەتی "کاری تیرۆریستی" لە سێدارە داوە. ئەو دوو کەسە بە تاوانی تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان و پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانییەوە سزایان بەسەردا سەپێندرابوو. لە سێدارەدانەکە لە ناوچەی ڕۆژهەڵات و دوای ئەوەی دادگای باڵا تانەدانەکانی ڕەتکردەوە، ئەنجامدرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "ریپریڤ" کە بنکەکەی لە لەندەنە، ڕایگەیاند کە جەواد قوڕەیسی لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان لە سۆشیاڵ میدیا دەستگیرکراوە و لە کاتی دەستگیرکردنیدا تەمەنی ١٤ ساڵ بووە. ڕێکخراوەکە ئیدیعای ئەوەی کردووە کە قوڕەیسی لەژێر ئەشکەنجەدا ناچارکراوە دان بە شتی ناڕاستدا بنێت و سزای لەسێدارەدانەکە "تۆڵەسەندنەوەیەک" بووە لەلایەن محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعوودییەوە بەرامبەر بە بنەماڵەکەی. برایەکی قوڕەیسی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە و دوو برای دیکەشی سزای زیندانیی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێندراوە.
ڕێکخراوی "رێپریڤ" ڕایگەیاند، لە ئابی ٢٠٢٥ەوە عەرەبستانی سعوودی پێنج کەسی لە سێدارە داوە کە لە کاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانانەی پێیان تۆمەتبار کراون، تەمەنیان منداڵ بووە. هەموو ئەو کەسانە سەر بە خێزانە شیعەکانی دانیشتووی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی سعوودین. ئەو ناوچەیە دەوڵەمەندە بە نەوت و کەمینەی شیعە و زۆرینەی سوننە پێکەوە تێیدا دەژین. مانگی ڕابردووش پێنج کەسی دیکە لە هەمان ناوچە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر لە سێدارە دران. ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، یەکێک لەو کەسانەی لە سێدارە دراوە، بەهۆی تاوانێک سزا دراوە کە گوایە لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا ئەنجامی داوە. جید بەسیونی، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ڕێکخراوی رێپریڤ وتی: "لە عەرەبستانی سعوودی لە سەردەمی محەمەد بن سەلماندا، سزای ناڕەزایەتی دەربڕین و ئۆپۆزسیۆنبوون مەرگە. لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە ڕوونی بینیمان کە ئەمە منداڵانیش دەگرێتەوە."
سەرچاوە: Rûdaw