
هاوپەیمانیی سعودیە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ئاسمانی مەککە تێکشکاند
هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتی سعودیە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ناوچەی مەککە بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی خستە خوارەوە.
هاوپەیمانیی سەربازی بە سەرۆکایەتی سعودیە ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) لە ناوچەی ئیداریی مەککە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە ڕێگری لێکرا و تێکشکێنرا. تورکی مالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا، هیچ زانیارییەکی لەسەر سەرچاوەی فڕۆکەکە، هۆکاری ناردنی، ئامانجەکەی و زیانە گیانی یان ماددییەکان ئاشکرا نەکرد.
تێکشکاندنی ئەم فڕۆکەیە دوای ئەوە هات کە ڕۆژێک پێشتر، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی تشرینی دووەم، مووشەکێکی بالیستی کە بەرەو مەدینە و لە نزیک بەندەری ستراتیژیی یەنبوو دەڕۆیشت، لە ئاسماندا تێکشکێنرا. حوسییەکانی یەمەن ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردەوە کە گوایە شارە پیرۆزەکانیان کردبێتە ئامانج و ڕایانگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکانیان تەنها ژێرخانی سەربازی و نەوتی سعودیە دەکاتە ئامانج.
سەرچاوە: Kurdistan24