
نوێنەری ئێران، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات
حوسێن شەریعەتمەداری، نوێنەری ئێران، عەلی ئەلزەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بە قبوڵکردن و جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران تۆمەتبار کرد.
حوسێن شەریعەتمەداری، نوێنەری ڕێبەری باڵای ئێران، ڕۆژی سێشەممە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە کاتێکدا نادیاری سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە، عەلی ئەلزەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بە قبوڵکردن و جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران تۆمەتبار کرد. شەریعەتمەداری ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتەکەی ئەلزەیدی "هیچ گومانێکی نەهێشتووەتەوە" لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانە، هەروەها حکومەتەکەی بە "خۆرئاوایی" ناوبرد و ستایشی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و نەجەفی کرد.
لە کاتێکدا سزاکانی نوێی ئەمریکا کەرتی فڕۆکەوانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، کارکردنی فڕۆکەخانەکانی عێراقیشی تووشی کێشە کردووە و بەو هۆیەوە گەشتە بازرگانییەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە ڕۆژی هەینیدا ڕاگیران. حکومەتی عێراق داوای لێخۆشبوونێکی لە سزاکانی ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی گەشتەکان بۆ مەبەستی مرۆیی وەک چارەسەری پزیشکی، خوێندن و سەردانی ئایینی دەست پێبکەنەوە. یاسر عەبدولزەهرا ئەلحەجاج، باڵیۆزی عێراق لە ئێران ڕایگەیاند کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بەڕووی گەشتەکانی ئێراندا دەکرێتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە هیچ فەرمانێکی حکومەتی عێراق بۆ ڕاگرتنی گەشتەکان نەبووە، بەڵکو کۆمپانیا خزمەتگوزارییە بیانییەکان بەهۆی ترسیان لە سزاکانی ئەمریکا خزمەتگوزارییەکانیان ڕاگرتووە.
بەرپرسانی فڕۆکەوانی ئێران ڕایانگەیاند کە هێشتا هیچ بڕیارێکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ نەجەف نەدراوە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی لێدوانی دژبەیەک. لەم نێوەندەدا، هێڵی ئاسمانی عێراق (Iraqi Airways) بە شێوەیەکی سەربەخۆ گەشتەکانی نێوان نەجەف و فڕۆکەخانەکانی ئێرانی دەستپێکردەوە؛ ئەم هەنگاوە ناکەوێتە چوارچێوەی سزاکانی ئەمریکاوە. ڕاگرتنی گەشتەکان لە زۆرێک لە شارەکانی عێراق بووە هۆی خۆپیشاندان، هەروەها گوشاری گرووپە سیاسی و چەکدارە نزیکەکانی ئێران زیاتر بوو. حیزبوڵڵا بە ئاگادارکردنەوەی زەیدی ڕایگەیاند، ئەگەر "گەمارۆی ئاسمانی" سەر ئێران دوای ١ی تشرینی یەکەم بەردەوام بێت، ئەوا دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانە دادەخەن کە بەشدارن لە سنووردارکردنەکاندا.
سەرچاوە: Rûdaw