
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: تا ئەمریکا ٧ مەرجەکە جێبەجێ نەکات، گەرووی هورمز ناکرێتەوە
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، جێبەجێ نەکردنی ٧ مەرجەکەی لەلایەن ئەمریکاوە بە کێشەی متمانە وەسف کرد.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، تا ئەو ٧ مەرجەی پێشکەشی ئەمریکایان کردووە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز جێبەجێ نەکرێن، ئەمریکا ناتوانێت متمانەی ئێران بەدەست بهێنێت. قالیباف جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کاریگەری دانان لەسەر بڕیارەکانی ئێران لە ڕێگەی هەڕەشەی سەربازی و وروژاندنەوە، بێ ئەنجامن.
قالیباف لە تاران لەگەڵ عاسم مونیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان کە وڵاتەکەی ڕۆڵی نێوەندگیری دەبینێت، کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێ نەکردنی پابەندییەکانی ئەمریکا لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتندا، ئەو بێ متمانەییە درێژخایەنەی ئێران زیاتر دەکات و وتی دەبێت ئەمریکا هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی لەم دۆخە دەربچێت.
مونیر هەروەها لەگەڵ موحسین ڕەزایی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەوە. ڕەزایی ڕایگەیاند کە ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکان بە هیچ شێوەیەک نابرێنە دەرەوەی ئێران و تا ئەو کاتەی ئەمریکا متمانە دروست نەکات، گەلی ئێران و بەرپرسانی وڵاتەکە ناچنە هیچ دانوستانێکەوە.
سەرچاوە: Rûdaw