
ئەمریکا دەستی بەسەر ۳ کەشتیدا گرت کە ٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانیان هەڵگرتبوو
ماڵپەڕی تانکەر تراکەرز بڵاوی کردەوە، ئەمریکا لە زەریای ئەتڵەنتیک دەستی بەسەر سێ کەشتیی گەورەی نەوتکێشدا گرتووە کە بەهای ٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانیان هەڵگرتبوو.
دامەزراوەی نێودەوڵەتیی چاودێریی هاتوچۆی دەریاوانی (تانکەر تراکەرز) ڕایگەیاند کە لە ۲٤ی ئەیلوولی ۲۰۲٦ هێزەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکیان لەسەر سێ کەشتیی نەوتکێشی پەیوەندیدار بە ئێران ئەنجامداوە. ڕاگەیەندراوە کە ئەم کەشتییە گەورانە نزیکەی ٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان هەڵگرتبوو کە بەهاکەی نزیکەی ٦۰۰ ملیۆن دۆلارە و بەرەو ئەمریکا دەرۆیشتن.
ئامێرەکانی دۆزینەوەی کەشتییەکان دەریانخستووە کە کاروانەکە لە ڕووبەرە کراوەکانی زەریای ئەتڵەنتیکدا دۆزراونەتەوە و ڕاستەوخۆ بەرەو ئاوە هەرێمییەکانی ئەمریکا ئاڕاستە کراون. بەپێی زانیارییەکانی سەکۆی جیهانیی "کپڵەر"، دوو لەو کەشتییانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بە ناوەکانی "Majestic X" و "Tiffany" لە ئێستادا لە ئاوەکانی باکووری بەرازیلدان. هەردوو کەشتییەکە دوای ئەوەی لە نیسانی ساڵی ڕابردوودا نەوتیان لە ئێرانەوە بارکردبوو، بوونە ئامانجی ئەمریکا.
پێنتاگۆن ئەم ئۆپەراسیۆنەی دەستبەسەرداگرتنەی وەک هەنگاوێکی بڕیاردراو ناوبرد کە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی سزاکانی واشنتۆندا بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران و تێکدانی تۆڕە دەریاییە نایاساییەکان ئەنجام دراون. ئەمریکا وەک وەڵامێک بۆ هەوڵەکانی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، ڕێکارەکانی پشکنین و گەمارۆدانی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران زیاتر کردووە.
سەرچاوە: Kurdistan24