
فڕۆکە جەنگییەکانی چین ۳۲ جار لە دەوروبەری تایوان فڕین
فڕۆکە جەنگییەکانی چین ۳۲ جار لە ناوچە جیاوازەکانی دوورگەکەدا فڕین، لەوانەش بەسەر هێڵی ناوەڕاستی گەرووی تایواندا.
وەزارەتی بەرگریی تایوان لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، لە دوێنێ ئێوارەوە تا بەیانی ئاگاداری فڕینی ۳۲ فڕۆکەی سەربازیی چین بوون لە دەوروبەری دوورگەی تایوان، لەوانە فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی تانکەر و پشتیوانی، و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
ڕاگەیەندراوە کە ۲۶ فڕین تێپەڕیون بەسەر هێڵی ناوەڕاست لە گەرووی تایوان کە وەک سنووری جیاکەرەوەی نێوان هەردوو لایەن دادەنرێت، و ئەم جووڵانە لە ناوچەکانی باکوور، ناوەڕاست، باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوچەی دەستنیشانکردنی بەرگریی ئاسمانیی تایواندا (ADIZ) ڕوویان داوە.
لە هەمان کاتدا، ۷ کەشتیی جەنگی و ۲ کەشتیی فەرمیی چین لە دەوروبەری دوورگەکەدا دەسوڕانەوە. سوپای تایوان چاودێریی ڕەوشەکەی کردووە و فڕۆکەی دەوریە، کەشتیی جەنگی و سیستەمی موشەکیی کەناراوی خستووەتە گەڕ.
لە ساڵی ۱۹۴۹ەوە تایوان بە کردەیی بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆی بەڕێوە دەبات، بەڵام خاکی سەرەکیی چین بانگەشەی ئەوە دەکات کە دوورگەکە بەشێکە لە خاکی خۆی و دەڵێت دەکرێت هێز بەکاربهێنێت بۆ یەکگرتنەوەیان. لە ساڵانی دواییدا، تایوان بە زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکانی و بەدەستهێنانی سیستەمی چەکی نوێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەوڵی بەهێزکردنی تواناکانی دەدات.
سەرچاوە: Rûdaw