
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کورتوڵموش: دەرگای ئاشتی، برایەتی و گەشەپێدان کرایەوە
کورتوڵموش ئاماژەی بە قۆناغێکی نوێی پرۆسەی چارەسەری کرد کە لەسەر بنەمای بێدەنگبوونی چەکەکان، سەروەری یاسا و گەشەپێدانی ناوچەیی دامەزراوە.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نوعمان کورتوڵموش، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ی زانکۆی گازیانتهپ لە ناوەندی کۆنگرە و هونەری ماڤێرا وتارێکی پێشکەش کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو قۆناغە کرد کە پرۆسەی چارەسەری پێی گەیشتووە.
کورتوڵموش سێ تەوەری سەرەکی پرۆسەکەی بە بێدەنگبوونی چەکەکان، بەهێزکردنی سەروەری یاسا و گەشەپێدانی ناوچەیی دیاریکرد. جەختیشی لەسەر گرنگی ئیرادەی سیاسی، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی ئابووری کردەوە بۆ ئەوەی ئاشتی بەردەوام بێت.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە کە لە سەدەی یەکەمی کۆماردا، کێشەی تیرۆر نزیکەی ٥٠ ساڵ بەردەوام بووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس، شەهیدبوونی هەزاران کەس و تێچوویەکی زیاتر لە ٢ ترلیۆن دۆلار. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردەکانی پێشوو وەک تورگوت ئۆزال، نەجمەدین ئەرباکان و بولەنت ئەجەڤیدیش هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە داوە.
جەخت لەوە کرایەوە کە ئێستا بە سەرۆکایەتی سەرۆککۆمار، عەقڵی دەوڵەت و ویژدانی میللەت یەکیان گرتووە و پرۆسەکە بووەتە سیاسەتی دەوڵەت و بە بەشداری پارتە سیاسییە جیاوازەکان بەرەو پێش دەچێت.
سەرچاوە: Rûdaw