
تڕەمپ: چاوەڕێ دەکەم ئەم هەفتەیە گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ئێران بکریت
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە پاش ڕەتکردنەوەی پێشنیازی ئاگربەستی ٧ ڕۆژەی ئێران، چاوەڕێی دانوستانی زیاتر دەکات لەم هەفتەیەدا.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاخیۆس ڕایگەیاند، پێشنیازی ئاگربەستی ٧ ڕۆژەی ئێرانی بۆ کردنی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا ڕەتکردووەتەوە و هیوادارە ئەم هەفتەیە گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ئێران بەڕێوەبچێت.
تڕەمپ گوتی، چاوەڕێ دەکات دانوستانکارانی ئەمریکا ئەم هەفتەیە پەیوەندیی چڕتر لەگەڵ ئێران بکەن و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران ڕێککەوتنی دەوێت، بەڵام نە بەو شێوەیەی کە خۆی دەیوێت.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا بیر لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەکاتەوە، تڕەمپ گوتی: "بەردەوام بیر لەوە دەکەمەوە"، هەروەها زیادی کرد کە سوپای ئەمریکا ئاسانکاری بۆ تێپەڕبوونی بڕێکی زۆر لە نەوت لە گەرووی هورمزەوە کردووە و کۆتایی ئەم هەفتەیە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.
قەتەر و ناوبژیکارانی دیکەی ناوچەکە هەوڵ دەدەن دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بووژێننەوە؛ بەڵام هەردوولا لەسەر بابەتە سەرەکییەکانی وەکو گەرووی هورمز، گۆشەگیریی دەریایی ئەمریکا و سازشە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕێکناکەون.
سەرچاوە: Rûdaw