
تڕەمپ: ئەگەر بمانەوێت دەست بەسەر هەموو نەوتی ئێراندا دەگرین، گەرووی هورمز بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە
دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا، ئێران بە "وڵاتێکی شکستخواردوو" ناودەبات و دەڵێت گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە و ئەگەر بیانەوێت دەتوانن دەست بەسەر نەوتی ئێراندا بگرن.
دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە واشنتۆنی پایتەخت، ئێران بە "وڵاتێکی شکستخواردوو" ناوزەد کرد و ڕایگەیاند کە گەرووی هورمز بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە. تڕەمپ وتی: "ئەگەر بمانویستایە دەمانتوانی دەست بەسەر هەموو نەوتەکەیدا بگرین و تەواوی وڵاتەکە بخەینە ژێر کۆنترۆڵی خۆمانەوە."
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای "کپلەر" کە تایبەتە بە شیکاری داتا و گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، لە نێوان ١١ بۆ ١٨ی تشرینی یەکەمدا، هەناردەی ڕۆژانەی نەوت و گازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ٢٤ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە. ئەم ژمارەیە ئاستی ٢٣ ملیۆن بەرمیلی پێش جەنگیشی تێپەڕاندووە؛ ڕۆژانە نزیکەی ١٤ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە کراوە.
سەرەڕای هەوڵەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەک و بەلەمی خێرا، بەڵام گواستنەوەی نەوت لە کەنداو بەبێ وەستان بەردەوام بووە. بەپێی تۆمارەکان، تەنها لەم مانگەدا نزیکەی ٣٠ هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکان، کە ئەمەش ٢٠٪ی کۆی گشتی ئەو هێرشانە پێکدەهێنێت کە لە سەرەتای جەنگەوە ئەنجامدراون.
نیگەرانی وەبەرهێنەران لەوەی کە پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ململانێکان توندتر ببن، وایکردووە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا لە دەوروبەری ١١٥ دۆلار بمێنێتەوە.
سەرچاوە: Rûdaw