
دژایەتیکردنی ترەمپ هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران دواخست
هێرشی بەرفراوانی پلانبۆداڕێژراوی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەهۆی دژایەتیکردنی ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان دواخرا.
بەپێی سێ سەرچاوە کە قسەیان بۆ فاینانشاڵ تایمز کردووە، سوپای ئیسرائیل سەرجەم ئامادەکارییەکانی تەواو کردبوو بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئێران لە ۱۰ی ئەم مانگەدا. پلانەکە وا بوو هێرشەکە چەند ڕۆژێک بخایەنێت و وێستگەکانی کارەبا، دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ئامانجە گرنگەکانی حکومەتی ئێران تێکبدرێن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هۆکاری سەرەکی لەپشت ڕاگرتنی هێرشەکەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بووە. ترەمپ ڕایگەیاندووە کە پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس ناهەوێت شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدا هەڵبگیرسێت. ئانا کێلی، جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە لاواز بووە و پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هیچ هێرشێک بۆ سەر ئێران ئەنجام نادرێت.
سوپای ئیسرائیل بەرزترین ئاستی ئامادەباشیی هێشتووەتەوە و تا هەڵبژاردنەکانی ۲۷ی تشرینی یەکەم مۆڵەتی سەرجەم سەربازەکانی هەڵوەشاندووەتەوە. بەرپرسانی ئاسایش نیگەرانن لەوەی شەڕێکی ئەگەری کە لەم قۆناغە هەستیارەدا دەست پێبکات، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دروست بکات.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی، چالاکییە مووشەکییەکان و هەژموونی ناوچەیی زیادی کردووە، ئەمەش بەردەوامە لە کاریگەری دانان لەسەر هاوسەنگیی ئاسایش لە شوێنە ستراتیژییەکانی وەک گەرووی هورمز و بازاڕەکانی وزەی جیهان.
سەرچاوە: Kurdistan24