
ترامپ کۆچبەرانی بە بەرپرسی ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا زانی و داوای داخستنی سنوورەکانی کرد
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسای بە کۆچبەرانەوە بەستەوە و داوای کرد دەستبەجێ سنوورەکانی ئەو وڵاتە دابخرێن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ناڕەزایەتییەکان و ڕووداوەکانی توندوتیژی لە فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" پەیامێکی بڵاوکردەوە و کۆچبەرانی بە بەرپرسی ئەو دۆخە زانی. لە پەیامەکەدا هاتووە: "کۆچبەران فەرەنسایان داگیرکردووە. دەبێت دەستبەجێ سنوورەکان دابخەن."
ترەمپ لە پەیامێکی دیکەیدا کە لە ١٨ی تشرینی یەکەم بڵاویکردبووەوە، ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی کۆچبەریی فەرەنسا گرتبوو و داوای داخستنی سنوورەکان و گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی کردبوو.
لە مانگی ئەیلولدا، خوێندکارانی ئامادەیی لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی باکووری پاریس، بەهۆی کەمیی مامۆستا و خراپیی دۆخی قوتابخانەکان دەستیان بە ناڕەزایەتی کرد. ئەو خۆپیشاندانانە بە تێپەڕبوونی کات بۆ ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لەسەر تێچووی ژیان، نایەکسانی و خراپبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان گۆڕان و ڕۆژی شەممە ١٧ی تشرینی یەکەم، شارەکانی وەک لیمۆژ، مارسیلیا و لیۆن شایەتحاڵی ڕووداوی توندوتیژی بوون.
سێباستیان لۆکۆرنو، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، گرووپە چەپڕەوەکان و ڕێکخراوە تاوانکارییەکانی بە بەرپرسی توندوتیژییەکان زانی و ڕایگەیاند کە حکومەت پاشەکشە ناکات. لۆکۆرنو ئەوەشی خستەڕوو کە ڕێگە نادەن ڕووداوەکان بۆ ئامانجی سیاسی لە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٢٧ بەکاربهێنرێن.
سەرچاوە: Kurdistan24