
ترامپ، پێش کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ڕەنگە بیر لە دەستێوەردانی سەربازی لە کۆبا بکاتەوە
سەرۆکی ئەمریکا ترامپ، لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆییدا ڕایگەیاند کە ڕەنگە بیر لە دەستێوەردانی سەربازی بکاتەوە بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە کۆبا.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ، لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆییدا گوتی کە دەیەوێت لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی کۆبادا بکات و بۆ ئەم مەبەستەش ڕەنگە بیر لە دەستێوەردانی سەربازیش بکاتەوە. ترامپ بە دەستەواژەی "دەەمەوێت پێش ئەوەی پۆستەکەم جێبهێڵم کارەکەی کۆبا کۆتایی پێبهێنم" ئەم ئارەزووەی دەربڕی و لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکارەکەدا دەربارەی ئۆپەرسیۆنی سەربازی گوتی: "بە دڵنیاییەوە دەتوانم بیر لەوە بکەمەوە".
سەرۆکی کۆبا میگێل دیاز-کانێل، لە چالاکییەکی "ڕۆژی بەرگریی نیشتمانی"دا لە شارەوانیی بۆیێرۆس لە باشووری هاڤانا، ڕایگەیاند کە ئەوان خۆیان بۆ هێرشێکی ئەگەریی ئەمریکا ئامادە دەکەن و سوورن لەسەر بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێکی هێرشی سەربازیی بیانی بۆ سەر وڵاتەکەیان. دیاز-کانێل جەختی لەوە کردەوە کە کۆبا وڵاتێکی ئاشتیخوازە و هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دروست ناکات.
لە مانگی کانوونی دووەمەوە و دوای ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ڤێنیزوێلا، لە سەرانسەری کۆبادا مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی ڕێکخراو ئەنجام دەدرێت، کۆبوونەوە بۆ هەماهەنگیی ڕێکارەکانی بەرگری دەکرێت و بەرپرسانی سوپاش لە چوارچێوەی ستراتیژیی "جەنگی تەواوی گەل"دا ڕاهێنانی سەربازیی سەرەتایی بە مەدەنییەکان دەدەن. حکومەتی کۆبا، لە مانگی ئەیلوولدا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هەڕەشەکانی دەستێوەردانی ئەگەریی ئەمریکا و گەمارۆی نەوتیی بە توندی سەرکۆنە کردبوو.
سەرچاوە: Rûdaw