
ترەمپ داوای لە زێلێنسکی کرد دانوستانەکان ڕادەستی کەسێکی دیکە بکات
سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ ڕایگەیاند، زێلێنسکی نەیتوانیوە لەگەڵ ڕووسیا ڕێککەوتن بکات و پێویستە دانوستانەکان ڕادەستی کەسێکی دیکە بکرێن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێش ئەوەی کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت بۆ بەشداریکردن لە میتینگێکی هەڵبژاردن لە کانزاس، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە زۆر دەیەوێت شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆتایی بێت و لە ئێستادا خۆی سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ مۆسکۆ.
ترەمپ بەو بیانووەی کە ڕووسیا بۆ ڕێککەوتن ئامادەترە و ئۆکرانیا کەمتر ئارەزووی هەیە، وتی: "ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت زێلێنسکی دانوستانەکان ڕادەستی کەسێکی دیکە بکات". هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە زێلێنسکی دەبوو زووتر کێشەی شەڕەکەی چارەسەر بکردایە و ئەگەر گوێی لێ گرتبایە، ئێستا یەک ملیۆن کەس لە وڵاتەکەیدا لە ژیاندا دەمانەوە.
سەرۆک ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا هەیە و پەیوەندی ئەرێنییان لەسەر پرسی ئێران و چین دروست کردووە، هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ پوتین و شی جینپینگ لە مانگی تشرینی دووەم لە چین دەربڕی. ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە دەیەوێت بەرپرسی پچڕانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی ستارلینک بۆ سوپای ئۆکرانیا بدۆزرێتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو