
پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی توند لە نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ لەسەر ئێران
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ڕاشکاو و ڕاستەوخۆی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر دانوستانەکانی ئێران و ئەگەری هێرشکردنە سەری ئەنجامدا.
بەپێی هەواڵێکی ئەکسیۆس، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی شەممە لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەنجامداوە سەبارەت بە دۆخی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران و ئەوەی کەی ئەگەری هەیە جەنگێک دەست پێ بکاتەوە. سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە پەیوەندییەکە "توند" بووە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمریکی بە "ڕاستەوخۆ و ڕاشکاو" ناوی بردووە؛ کۆشکی سپی و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش هیچ لێدوانێکیان لەسەر ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە نەداوە.
بەپێی سەرچاوەکان، نەتانیاهۆ گوشاری لە ترەمپ کردووە کە دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنە ناوەندییەکان هێرش بکاتە سەر ئێران. ترەمپ لە بەرامبەردا ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت لەم قۆناغەدا دەرفەت بە دانوستانەکان بدات و ئەنجامەکانی ببینێت، ئەمەش ستراتیژێکە کە نەتانیاهۆ نیگەرانییەکی زۆری لەسەری هەیە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە وەک ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووی "چەکوشی نیوەشەو" و "تووڕەیی ئەفسانەیی"، بە دوو ڕێگادا دەڕوات؛ لەلایەک هەوڵ دەدات دانوستانەکانی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە خۆی بۆ ئەگەری هێرشێکی بەرفراوان ئامادە دەکات.
هەفتەی ڕابردوو جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، نامەیەکی بۆ موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران نارد سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان. ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی کە دانوستانەکان "بە باشی بەڕێوەدەچن" و "پەلەی نییە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێرانییەکان دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن، بەڵام "زۆر جێگەی متمانە نین" و دوای ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک پاشگەز دەبنەوە. هەروەها وتی کە ئەمریکا هێشتا بایەخ بە یەک یان دوو دامەزراوەی ئەتۆمی لە ئێران دەدات و ئەم بابەتە دەکرێت لە ماوەی ١٠ خولەکدا چارەسەر بکرێت، پلانی هەیە و دەتوانرێت سەیری نەخشەکە بکرێت.
ڕۆژی یەکشەممە نێوەندگیرییەکانی قەتەر بۆ سێیەمین ڕۆژ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبوونەوە بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە.
سەرچاوە: Rûdaw