
هاوسەرۆکی پارتی دێم، باکیرهان داوای داخستنی وێستگەی کارەبای سێلۆپی کرد
تونجەر باکیرهان، هاوسەرۆکی پارتی دێم بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی وێستگەی کارەبای سێلۆپی لەسەر ژینگە و تەندروستی، داوای داخستنی وێستگەکەی کرد.
تونجەر باکیرهان، هاوسەرۆکی پارتی دێم، لە شاری سێلۆپی سەر بە پارێزگای شرناخ، دوای ئەنجامدانی ڕێپێوانێک کە لە چوارچێوەی بەرنامەی "بودجە بۆ نان، ئاشتی و دادپەروەری" ڕێکخرابوو، لێدوانێکی بۆ میدیاکان دا. لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە وێستگەی کارەبا زیان بە ژینگە و تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و داوای داخستنی وێستگەکەی کرد.
باکیرهان جەختی لەوە کردەوە کە وێستگەکە لە ساڵی ٢٠٠٩وە کار دەکات و ساڵانە ٨٥٠ هەزار تۆن ئەسفەڵتایت دەسووتێنێت، ئەو پاشماوانەی لەو پرۆسەیەدا دروست دەبن، هەوا، خاک و ئاو پیس دەکەن. هەروەها وتی، ئەو گۆگرد و خۆڵەمێشەی لە دووکەڵکێشەکانەوە دەردەچێت، مادەی ئارسێنیکی تێدایە و هەوا و خاکێکی ژەهراوی بۆ ناوچەکە بەجێدەهێڵێت.
ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کرد کە وێستگەکە بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی شێرپەنجە، لەدایکبوونی پێشوەختە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەبارچوون لە سێلۆپی، هەروەها وتی لەو ڕۆژەوەی وێستگەکە دامەزراوە، ٤ هەزار کەس بەهۆی شێرپەنجەوە گیانیان لەدەست داوە. هەروەها ڕەخنەی لەوە گرت کە وەڵامی پرسیارەکانی پەرلەمانتاران سەبارەت بە کاریگەرییە ژینگەییەکان نەدراوەتەوە.
باکیرهان بە ئاماژەدان بەوەی دەیانەوێت دەنگی خەڵکی سێلۆپی بە تورکیا، پەرلەمان و دەسەڵات بگەیەنن، وەک بەشێک لە خەبات بۆ پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و میراتی کولتووری ناوچەکە، بەرگری لە داخستنی وێستگەی کارەباکە کرد.
سەرچاوە: Kurdistan24