PEZKUWICHAINDIJITAL KURDISTAN NEWS 15 HEZÎRAN 2026 · DUŞEM
سەرەکی سەرەکی
سەرەکی

تورکیا بنکەی سەربازیی باشیک-زێلیکان بە قۆناغ ڕادەستی حکومەتی عێراق دەکات
هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنییان واژۆ کرد کە دامەزراندنی تەواوی دەسەڵاتی دەوڵەت لە شەنگال و کۆتاییهێنان بە گرووپە چەکدارەکان لەخۆ دەگرێت.

تورکیا بنکەی سەربازیی باشیک-زێلیکان بە قۆناغ ڕادەستی حکومەتی عێراق دەکات

هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنییان واژۆ کرد کە دامەزراندنی تەواوی دەسەڵاتی دەوڵەت لە شەنگال و کۆتاییهێنان بە گرووپە چەکدارەکان لەخۆ دەگرێت.

لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان تورکیا و عێراق، لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی نوێ ئەنجامدراوە. لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، تورکیا پلانی هەیە بنکەی سەربازیی باشیک-زێلیکان بە قۆناغ ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، هەروەها هەردوو لا جەختیان لەسەر پابەندبوون بە دامەزراندنی تەواوی دەسەڵاتی دەوڵەت لە شەنگال و کۆتاییهێنان بە بوونی هەموو گرووپە چەکدارەکان کردەوە.

لایەنەکان ڕایانگەیاند کە لە چوارچێوەی ئەو میکانیزمەی پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە، لیژنەی هەماهەنگیی ئەمنیی هاوبەش کارا دەکەنەوە و ئەو لیژنەیە چاودێریی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکات. وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڕیاری دابوو بنکەی باشیک-زێلیکان ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق بکرێت و ڕایگەیاند کە پرۆسەی ڕادەستکردنەکە بەو ڕێکارانە بەڕێوەدەچێت کە هەردوو وڵات پێشتر لەسەری ڕێککەوتوون.

ئەو بنکەیەی کە لە ساڵی ٢٠١٥وە هێزەکانی تورکیا لە ناحیەی باشیکی سەر بە پارێزگای نەینەوا تێیدا جێگیر بوون، سەرەتا بە مەبەستی مەشقپێکردنی هێزەکانی عێراق دژی داعش دامەزرا، بەڵام دواتر بوو بە خاڵێکی ناکۆکی نێوان تورکیا و بەغدا و عێراق چەندین جار داوای چۆڵکردنی بنکەکەی کردبوو.

لە کۆتاییەکانی ئەیلولی ٢٠٢٦ و لە کاتی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و لەسەر چەند پرسێک گەیشتنە ڕێککەوتن و ئەم لێکتێگەیشتنە ئەمنییەیان واژۆ کرد، کە تێیدا بڕیاردرا تورکیا بە قۆناغ بنکەکە ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات و عێراقیش دەسەڵاتی دەوڵەت لە شەنگال بەهێز بکات.

سەرچاوە: Kurdistan24

هەواڵی پەیوەندیدار