
راپۆرتی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد: لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٦دا ٣٤٤ منداڵ گیانیان لەدەست داوە
لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا لە سەرتاسەری تورکیا ٣٤٤ حاڵەتی گیانلەدەستدانی منداڵ و ٢٢٤ حاڵەتی برینداری سەخت تۆمار کراوە.
ناوەندی مافی منداڵانی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، ڕاپۆرتێکی لەبارەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ بڵاوکردەوە و تێیدا ٥٦٨ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی منداڵانی لە سەرتاسەری تورکیا بەڵگەدار کردووە. لەم ماوەیەدا دەرکەوتووە کە ٣٤٤ منداڵ گیانیان لەدەست داوە.
٣٢٦ حاڵەتی گیانلەدەستدانەکە بەهۆی ڕووداوی پێشگیریکراو و کەمتەرخەمییەوە بووە و ١٨ حاڵەتەکەی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی ڕوویان داوە. لە دابەشکاریی مانگانەدا، لە مانگی ئایاردا ٦٧ منداڵ، لە نیساندا ٦٥ منداڵ و لە کانوونی دووەمیشدا ٥٩ منداڵ گیانیان لەدەست داوە؛ لە مانگەکانی شوبات، ئازار و حوزەیرانیشدا ڕێژەیەکی بەرزی گیانلەدەستدان و توندوتیژی تۆمار کراوە.
ڕاپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕووداوەکانی هاتوچۆ، خزمەتگوزارییە تەندروستییە لاوازەکان، توندوتیژیی خێزانی، کاری منداڵان و خنکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدانن. هەروەها ئاماژەی بە مەترسییە ئەمنییەکانی ناو دامەزراوە پەروەردەییەکان کردووە و وەک نموونە باسی ئەو ڕووداوەی مانگی نیسانی مەرەش کردووە کە تێیدا ٩ قوتابی و مامۆستایەک گیانیان لەدەست دا، هەروەها ڕووداوەکەی ڕحاش کە ١٦ قوتابی تێیدا بریندار بوون.
سەرچاوە: Kurdistan24