
وەزیری تەندروستی: تەمەنی دەستپێکردنی جگەرەکێشان لە تورکیا بۆ ۱۷ ساڵ دابەزیوە
وەزیری تەندروستی کەمال مەمیئۆغڵو ڕایگەیاند، ۳۰٪ی گەنجانی تەمەن نێوان ۱۳ بۆ ۱۷ ساڵ جگەرە دەکێشن و تێکڕای تەمەنی دەستپێکردن ۱۷ ساڵە.
وەزیری تەندروستی کەمال مەمیئۆغڵو، لە وتارێکدا لە بەرنامەی یەکێتی پەرلەمانتارانی تورکیادا گوتی، تێکڕای تەمەنی دەستپێکردنی جگەرەکێشان لە تورکیا بۆ ۱۷ ساڵ دابەزیوە و ئەمەش کێشەیەکی جدیی تەندروستیی گشتییە.
وەزیر ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی دوایین توێژینەوەی دەستەی ئاماری تورکیا (توبیک)، لە نێوان ۷.٥ ملیۆن گەنجی تەمەن ۱۳ بۆ ۱۷ ساڵدا، ۲.٥ ملیۆن کەسیان جگەرە دەکێشن، واتە ۳۰٪ی ئەم تەمەنە جگەرەکێشن.
مەمیئۆغڵو هەروەها بەکارهێنانی توتنی خستە ڕیزی پێنج کێشە سەرەکییەکەی تەندروستییەوە و ئاماژەی بەوە دا کە پزیشکانی خێزان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەدا، و لە ساڵێکدا دەستنیشانکردنی شێرپەنجە بۆ ۸ هەزار کەس کراوە بەرلەوەی نیشانە کلینیکییەکانیان تێدا دەربکەوێت.
لە وتارەکەدا ئاماژە بە گەشەکردنی ژێرخانی تەندروستیی تورکیاش کرا؛ ژمارەی نەخۆشخانەکان لە ۱۱٥٦ەوە بۆ ۱٥۲٦، ژمارەی تەختەکان لە ۱٦٤ هەزارەوە بۆ ۲۷٤ هەزار، ژمارەی تەختە تایبەتەکان لە ۱۸ هەزارەوە بۆ ۱۸٤ هەزار، تەختی چاودێریی چڕ لە ۲ هەزارەوە بۆ ٤۸ هەزار و ژمارەی کارمەندانی تەندروستیش لە ۳۷۸ هەزارەوە بۆ ۱.٥ ملیۆن کەس زیادی کردووە.
سەرچاوە: Kurdistan24